رووداو دیجیتاڵ
ناساندنی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی هەرێمی کوردستان، سەرمایەداران و وەبەرهێنەرانی بەغدای کۆکردەوە. ناوی پڕۆژەکە ئەربیل هیڵزە و رووبەرەکەی دوو ملیۆن و مەتر چوارگۆشەیە.
400 یەکەی نیشتەجێبوون بە رووبەری 650 تاوەکو پێنج هەزار مەتری چوارگۆشە لە پڕۆژەکەدا هەن کە نزیکەی 70٪ـی سەوزاییە.
عەلی مەرسوومی، بەڕێوەبەری فرۆشتنی ئەربیل هێڵز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پڕۆژەکە گرنگترین پڕۆژەیە لە ناوچەکە، چونکە یەکەم و گەورەترین پڕۆژەی گۆڵفی تێدایە لەسەر ئاستی عێراق، یاریگاکەش بەپێی پێوانە نێودەوڵەتییەکانە و تایبەتە بە پاڵەوانێتییە جیهانییەکان، ساڵی 2026 یش بە پشتیوانیی خودا پاڵەوانێتی تێدا دەبێت، ئەوەی کە زۆر گرنگە لەم پڕۆژەیە، ئەوەیە کە شێوازی ژیان زۆر شاهانەیە و لە هیچ پڕۆژەیەکی دیکەدا نییە، چونکە یەکەم پڕۆژەیە کە کۆشکی تێدا بێت جگە لە ڤێلا."
لە پڕۆژەکەدا کە دەکەوێتە نێوان شەقامی 100 مەتری و 120 مەتریی هەولێر، 14 دەریاچە و 18 گۆڕەپانی گۆڵفی تێدایە، یەکەکانی ئەو پڕۆژەیە زۆربەیان ڤێلا و کۆشکن کە دیمەنێکی تەواو جیاوازیان بە پڕۆژەکە بەخشیوە.
سەرپەرشتیارانی ئەربیل هێڵز دەڵێن، دەیان پڕۆژەی نوێی جیاواز کە یەکەم جارە لە عێراق هەبێت، لەنێو پڕۆژەکە دروست دەکەن، ئەوەش شێوازی ژیانی دانیشتووانی پڕۆژەکە تەواو جیاواز دەکات.
ئەحمەد خۆشناو، خاوەنی کۆمپانیای شکۆی شا بۆ فرۆشتنی خانووبەرە دەڵێت، نرخی هەر مەترێک لە 2500 دۆلارەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 3000 دۆلار دەڕوات.
سەرمایەداران و شارەزایانی فرۆشتنی خانووبەرە لە بەغدا پڕۆژەکەی هەولێر بە ناوازە ناو دەبەن.
حەیدەر هاشمی، راوێژکاری فرۆشتنی خانووبەرەیە لە بەغدا و بە رووداوی گوت: ئەوەی کە بینیم و بە راستی سەرسامی بووم لەم پڕۆژەیە، ئەوەیە کە زۆر جیاوازە لە پڕۆژەکانی دیکە و تایبەتمەندیی زیاتری تێدایە، لە شێوازی دیزاینی یەکەکان و رووبەرەکەی زۆر گەورەیە هەروەها خۆشگوزەرانی زۆر بە تەواوەتی تێدایە و شوێنەکەیشی زۆر باشە.
ئێستا بەشێک لە یەکەکانی ئەربیل هیڵز 100٪ـی کارەکانیان تەواوبووە، هەندێکی دیکەیان زیاتر لە 70٪. بەشێک لە یەکەکان فرۆشراون و لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە، خاوەنی یەکەکان دەتوانن کلیل وەربگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ