ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی: دووساڵ بە دووساڵ باشترین بژارەیە بۆ بەڕێوەبردنی پۆستی سەرۆکوەزیران
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەڵێت، ئەزموونی بەڕێوەبردنی پۆستی سەرۆکی حکومەت لەنێوان پارتی و یەکێتیدا بە شێوەی (دووساڵ بە دووساڵ) "ئەزموونێکی سەرکەوتوو" بووە و یەکێتی خوازیارە لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەمان ئەزموون دووبارە بکرێتەوە.
لوقمان وەردی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی "پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی بە هەوراز و نشێویی زۆردا تێپەڕین لە ماوەی رابردوو و ئێستاش گرفتەکان زۆرن و تێپەڕاندن و چارەسەرکردنیان کاتی پێویستە."
پارتی و یەکێتی، لە دوایین کۆبوونەوەیاندا بڕیاریاندا لیژنەیەک بۆ داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەش بۆ پێکهێنانی حکومەت پێکبهێنن. لوقمان وەردی گوتی "دوای سەری ساڵ، لیژنەی هاوبەشی پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەت کۆدەبنەوە."
بەگوتەی وەردی حیزبەکەی لە کابینەی پێشوودا وەکو هاوبەشێکی حکومرانی رۆڵی نەبووە و دەڵێت "نامانەوێت ئەزموونی کابینەی 9 دووبارەبکەینەوە، لە کابینەی پێشوو بەشداری حکومەت بووین، نەک هاوبەش و پێویستە یەکێتی لەم کابینەیەی حکومەتدا رۆڵی زیاتری هەبێت و هاوبەشی راستەقینەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بێت."
"دووساڵ بە دووساڵ"
لوقمان وەردی، نەیشاردەوە یەکێتی چاوی لە پۆستی سەرۆکوەزیرانە لە کابینەی 10ـدا و گوتی "ئەزموونی دووساڵ بە دووساڵ بۆ بەڕێوەبردنی پۆستی سەرۆکی حکومەت لە رابردوودا سەرکەوتوو بوو لە هەرێمی کوردستان و ئەو رکابەرییە وایکرد زۆرترین خزمەتگوزاریی پێشکێشی هاونیشتمانییان بکرێت. بۆیە پێمانوایە دوو ساڵ بە دوو ساڵ بۆ بەڕێوەبردنی حکومەت زۆر گونجاوە و باشترین بژاردەیە بۆ پێکهێنانی کابینەی 10ـی حکومەتی هەرێمی کوردستان."
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20-10-2024 کرا. لە هەڵبژاردنەکەدا پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی بەدەستهێنا.
دوای هەڵبژاردن، شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی دوو کۆبوونەوەیان کردووە، کۆبوونەوەی یەکەم رۆژی 30 مانگی رابردوو لە دەباشان و کۆبوونەوەی دووەمیش رۆژی 17ـی ئەم مانگە لە پیرمام کرا.
بەگوێرەى راگەیێندراوی دوایین کۆبوونەوەی نێوانیان، شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، باسیان لە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و هەردوولا هاوڕابوون بەزووترین کات، کار لەسەر ئامادەکردنی بەرنامەیەکی هاوبەش بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا لیژنەیەکی هاوبەش بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی بەرنامەکە بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو پێکبهێنن.