هێمن هەورامی: پێویستە پەیەدە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ پەکەکە بپچڕێنێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، کلیلی پاراستنی پێگەی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، پچڕانی پەیوەندیی ''پەیەدە''ـیە لەگەڵ پەکەکە، گوتیشی ''دەبێت بە فەرمی رایبگەیێنن کە هێزێکی کوردیی رۆژئاوای کوردستانن لە چوارچێوەی سووریادا.''
چوارشەممە (18-12-2024) هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، چاوەڕوان نەدەکرا بەو خێراییە رژێمی بەشار ئەسەد بڕووخێت.
هێمن هەورامی گوتی ''رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد بەو خێراییە، شتێک نەبوو کە پلانی بۆ داڕێژرابێت، یان کاری لەسەر کرابێت، بەڵام لە هەفتەیەکدا بە رادەی 11 ساڵی رابردوو، رووداوی جۆراوجۆر روویان دا، کە بوونە هۆی نەمانی رژێمەکە.''
لە رۆژی 8-12-2024 کەوتنی حکومەتی بەشار ئەسەد راگەیێندرا و دەستەی تەحریر شام حکومەتێکی کاتیی بۆ ماوەی سێ مانگ پێکهێنا.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، بەلای ئەوانەوە یەکەم خاڵی گرنگ، چارەنووسی گەلی کوردە لە سووریا کە لە چوارچێوەی هاوکێشە نوێیەکەی دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد چی دەبێت، ''ئاخۆ لە دانوستاندنی پێکهێنانەوەی دەوڵەتی سووریا و رەشنووسی دەستووری نوێدا رەچاوی گەلی کورد دەکرێت وەکو یەکێک لە پێکهاتە سەرەکییەکانی سووریا یان نا؟'
ئێستا، مژاری گەرمی رۆژئاوای کوردستان هەوڵی یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان؛ بە دیاریکراوی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (پەیەنەکە)ـیە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەنێوانیان نەکراوە، فەرەنسا و ئەمریکاش لە هەوڵدان بۆ نزیککردنەوەیان.
بەگوتەی هێمن هەورامی، ''کلیلی پاراستنی پێگەی کورد لە رۆژئاوای کوردستان لە هاوکێشەی ئێستای سووریادا ئەوەیە؛ پەیەدە هەموو پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ پەکەکە بپچڕێنێت. بە فەرمی رایبگەیێنێت هێزێکی کوردیی رۆژئاوای کوردستانە لە سووریا کە بۆ مافە رەواکانی گەلی کورد خەبات دەکەن.''
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی پێیوایە ئەگەر پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) ئەم بابەتە بە فەرمی رابگەیێنێت، ''گەورەترین یارمەتیی خۆیان و ئێمەش لە هەرێمی کوردستان دەدەن و یارمەتیی کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتیش دەدەن بۆ ئەوەی رێگری لەو مەترسییانە بکرێت، کە ئێستا بە بیانووی پەکەکەوە، لەسەر بەشێک لە ناوچەکان دا هەیە.''
شاندێکی فەرەنسی-ئەمریکی لە رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە سەربەخۆکان کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی شاندێکی یەکگرتوو پێکبهێنن و بەمەبەستی دانوستاندن لەسەر حکومەتی داهاتووی سووریا و بەڕێوەبەریی رۆژهەڵاتی رووباری فورات و بەتایبەتی رۆژئاوای کوردستان، بچنە دیمەشق، بەڵام پێویستە سەرەتا کۆتایی بە ناکۆکییەکانی ئەنەکەسە و پەیەنەکە بهێنرێت.
رووداو زانیویەتی، شاندی فەرەنسی-ئەمریکی داوا دەکەن، ئەو شاندەی بڕیارە پێکبهێنرێت، جیا لە نوێنەری لایەنە کوردییەکان، کەسایەتیی سەربەخۆی ناوچەکە و نوێنەری پێکهاتەکانی وەکو سریانی، ئاشووری و عەرەبیشی تێدا بێت و بەر لە کۆتایی ساڵ بچنە دیمەشق.