بەرگریی شارستانیی هەولێر: بەهۆی دروستکردنی گازی نایاساییەوە 5 کەس دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
دوێنێ چەند باڵۆنێک لەنێو ئارایشگەیەکی هەولێر تەقینەوە. بەرگریی شارستانی دەڵێت، بەدواداچوونیان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە گازەکە بە نایاسایی دروستکراوە.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 18ـی کانوونی یەکەمی 2024) شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە رووداوی گوت، "دوای بەدواداچوونمان بۆ بابەتی تەقینەوەکەی دوێنێ، دەرکەوت بەهۆی گازی نێو باڵۆنەکانەوە بووە".
دوێنێ سێشەممە، لە رۆژی ئاڵای کوردستان ئارایشتگەیەکی هەولێر رێوڕەسمێکیان رێکخستبوو، لە کاتی ئاهەنگەکەدا باڵۆنەکان تەقینەوە و دوو کەس بریندار بوون.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتی، "لە ئەنجامدا 5 کەسمان دەستگیرکرد کە گازی نایاساییان دروستکردبوو و بەناوی گازی هیلیۆم دەیانفرۆشتەوە."
شاخەوان سەعید گوتیشی، "ئەو کارگەیەی ئەو گازە نایاساییەی تێدا دروستدەکرا، لەگەڵ ئەو دووکانەی گازەکەی لێ دەفرۆشرا داخران."
لەبارەی تۆمەتبارەکانەوە، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتی، "یەکێکیان کوردە و 4 کەسەکەی دیکەش بیانین و خەڵکی بەنگلادیشن، ئێستا هەموویان دەستگیرکراون و دەدرێنە دادگە."