رووداو براوەی کۆتای کوردانی ئێزدی و کریستیانەکان لە نەینەوا ئاشکرا دەکات


رووداو دیجیتاڵ

عیدان شڤان لە رکابەرەکانی دەنگی زیاتری بەدەستهێناوە بۆ بردنەوەی کورسی کۆتای کوردانی ئێزدی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا. هەیسەم سالمیش زۆرترین دەنگی لەنێو رکابەرەکانی بەدەستهێناوە بۆ بردنەوەی کورسی کۆتای کریستیانەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا. 
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی ناسر عەلی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە موسڵ، عیدان شڤان کە وەک سەربەخۆ خۆی بەربژێر کردبوو 2900 دەنگی بردووەتەوە بۆ بوون بە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا؛ دوای ئەویش عەلی کرنوس لە پارتی ئێزدی دیموکراتی 2500 دەنگی بەدەستهێناوە؛ خوەیدا خەلەفیش لە بزووتنەوەی ئێزدی بۆ چاکسازی و پێشکەوتن 1000 دەنگی مسۆگەرکردووە. 
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە کۆتای کریستیانەوە هەیە، هەیسەم سالم لە هاوپەیمانیی حامورابی 1550 دەنگی بەدەستهێناوە؛ رەبیع یوسف لە بزووتنەوەی بابلیوون 1200 دەنگ و مەئرەب عیمادیش لە هاوپەیمانیی ئەسرا 558 دەنگی بردووەتەوە.  
 
پارێزگای نەینەوا 26 کورسی و 3 کورسی کۆتای هەیە؛ کورسییەکی کۆتا بۆ کوردانی ئێزدی، کورسییەک بۆ کوردانی شەبەک و کورسییەکەی دیکە بۆ کریستیان. 
لەسەر ئەو بنچینەیەش عیدان شڤان دەبێتە براوەی کورسی کۆتای کوردانی ئێزدی و هەیسەم سالمیش دەبێتە براوەی کورسی کۆتای کریستیانەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا.