یەکێتی لە پارێزگای دیالە نزیکەی 24 هەزار دەنگی هێناوە


رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی زانیارییەکانی رووداو، کە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە دەستیکەوتوون، ئەو حیزبە لە پارێزگای دیالە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا 23 هەزار و 906 دەنگی بەدەستهێناوە. 
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کە بەرەبەیانیی رۆژی سێشەممە، 19-12-2023 دەستیکەوتووە، لیستی یەکێتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە سنووری پارێزگای دیالە 23 هەزار 906 دەنگی بەدەستهێناوە، کە بەمشێوەیە بووە: "خانەقین 17 هەزار و 500 دەنگ، گوڵاڵە 1700 دەنگ، سەعدیە 1096 دەنگ، مەندەلی 677 دەنگ، جەبارە 1893 دەنگ، قەرەتەپە 1040 دەنگ." 
 
رۆژی دووشەممە، 18-12-2023، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی 15 پارێزگای عێراق بەڕێوەچوو، لە کۆی 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کەس کە بۆیان هەبووە دەنگبدەن لە هەردوو دەنگدانی گشتی و تایبەت گەیشتووەتە 6 ملیۆن و 599 هەزار و 668 کەس، بەو پێیە کۆی رێژەی دەنگدانی گشتی و تایبەت 41٪ بوون.
 
هەر بەپێی ئەو ژمارانە لە دەنگدانی گشتی لە کۆی 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 دەنگدەر، 5 ملیۆن و 892 هەزار و 963 دەنگدەر دەنگیانداوە و رێژەی دەنگدان 39٪ بووە.
 
هەرچی دەنگدانی تایبەتە (هێزە سەربازییەکان و ئاوارەکان): لەکۆی 1 ملیۆن و 50 هەزار و 653 دەنگدەر 706 هەزار و 705 کەس دەنگیانداوە، واتە رێژەی دەنگدان 67٪ بووە.