پارتی لە سنووری شێخان 15 هەزار و 834 دەنگی بەدەستهێناوە

رووداو دیجیتاڵ
 
پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری قەزای شێخانی پارێزگای نەینەوا ژمارەیەکی زۆر دەنگی بەدەستهێناوە. 
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، پارتی دیموکراتی کوردستان لە 13 بنکەکەی سنووری قەزای شێخانی پارێزگای نەینەوا 15 هەزار و 834 دەنگی بردووەتەوە و ئەوەش دەکاتە رێژەی 76٪ی دەنگەکانی ئەو قەزایە. 
 
هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش 1254 دەنگی لە شێخان بەدەستهێناوە. 
 
پارتی لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەگشتی ژمارەیەکی زۆر دەنگی بەدەستهێناوە. 
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە مەخموور و گوێڕەوە هەیە، پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە مەخموور گوتی، "لە ناوەندی مەخموور 5 بنکەی دەنگدانی لێ بوو. بەگوێرەی ئەو ئەنجامە بەراییانەی دەستمانکەوتوون، پارتی دیموکراتی کوردستان 2101 دەنگی بردووەتەوە. هەروەها یەکێتی نیشتمانیی کوردستان 1915 دەنگی بەدەستهێناوە. پارتی لە قەراج  2100 دەنگی بردووەتەوە، یەکێتیش 280 دەنگی بەدەستهێناوە".
 
هاوکات رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە موسڵ رایگەیاند، پارتی لە سنووری بەشێک لە گوند، ناحیە و قەزاکانی سنووری پارێزگای نەینەوا دەنگی یەکەمی بەدەستهێناوە.
 
رەنجە جەمال گوتی، پارتی لە گوندی دووبەردان لە کۆی 3348 دەنگ 1840 دەنگی بەدەستهێناوە؛ لە گوندی سێکانی لە کۆی 3 هەزار دەنگ 1801 دەنگی بردووەتەوە و دابەشبوونی دەنگەکان لە بەشێکی دیکەی شوێنەکانیش بەو جۆرەیە. 
 
هاوکات پارتی لە سنووری ناحیەی فایدەش 14460 دەنگی بەدەستهێناوە و یەکێتیش لە هەمان شوێن 511 دەنگی بردووەتەوە. 
 
رەنجە جەمال زانیاری لەبارەی دەنگدانی تایبەت لە سنووری نەینەواش راگەیاند و گوتی، پارتی 15 هەزار و 642 دەنگ و یەکێتی 3661 دەنگی بردووەتەوە. 
وەک پەیامنێری رووداو گوتی، پارتی چاوی لەوەیە 7 بۆ 8 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بباتەوە و لەسەر ئەو بنچینەیەش جێگری پارێزگای نەینەوا و سەرۆکی ئەنجوومەن وەربگرێت. یەکێتیش کورسییەک بۆ دوو کورسی دەباتەوە.