چاوەڕوان دەکرێت لیستە کوردستانییەکان لە دیالە 3 کورسی بەدەستبهێنن

رووداو دیجیتاڵ
 
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، لە قەزای خانەقین رێژەی دەنگدان لە سەرووی 50٪ بووە و لیستە کوردستانییەکانیش 3 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بەدەست دەهێنن و چاوەڕوان دەکرێت کوردێکی دیکەش کە لەنێو لیستێکی عەرەبی بەربژێرە ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنی ئەو پارێزگایە.
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی هونەر حەمید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە خانەقین، "رێژەی دەنگدان لە خانەقین 50٪ بووە. لە هەموو پارێزگای دیالەش بەرزترین رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکە لە خانەقین و مەندەلی تۆمارکراوە، ئەوە لە کاتێکدایە رێژەی دەنگدان لە هەموو پارێزگای دیالە 40.2٪ بووە".
 
هونەر حەمید گوتی، بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خانەقین نزیکەی 18 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە و پارتی دیموکراتی کوردستانیش نزیکەی پێنج هەزار دەنگی بردووەتەوە.
 
بە گوێرەی ئەو ئامارە سەرەتاییانە بێت، یەکێتی دوو کورسی بۆ سێ کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بەدەست دەهێنێت و پارتیش کورسییەکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە مسۆگەر دەکات.
 
لە یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەدا کورد شەش کورسی بەدەستهێنا. ئەوکات ئەنجوومەنی پارێزگا لە 30 کورسی پێکهاتبوو، بەڵام ئێستا ژمارەی کورسییەکانی پارێزگای دیالە بۆ 15 کورسی کەمکراوەتەوە.
 
هونەر حەمید ئاماژەی بەوەشکرد، هاونیشتمانییەکیش بەناوی محەممەد شەکرچی لەنێو لیستێکی عەرەبییدا بەربژێر بوو و ژمارەیەکی زۆر دەنگی بردووەتەوە و هەربۆیە چاوەڕوان دەکرێت ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە.