پارتی لە بەشێک لە قەزا و ناحیەکانی پارێزگای نەینەوا دەنگی یەکەمی بەدەستهێناوە

رووداو دیجیتاڵ
 
لە بەشێک لە قەزا و ناحیەکانی پارێزگای نەینەوا پارتی زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و لە بنکەیەکی نێو شاری مووسڵێش رکابەری لەگەڵ پێنج لایەنی دیکەی عەرەبی کردووە و چوارەم دەنگی بەدەستهێناوە.
 
رۆژی دووشەممە 18ـی کانوونی یەکەم، رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە مووسڵ گوتی، "لە دەوروبەری مووسڵ و بەشێک لە قەزا و ناحیەکان پارتی دەنگی یەکەمی بەدەستهێناوە".
 
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، کە دەست پەیامنێری رووداو کەوتووە، لە دووبەردان لە کۆی سێ هەزار و 348 دەنگ پارتی دیموکراتی کوردستان هەزار و 840 دەنگی بەدەستهێناوە و یەکەم بووە.
 
هەروەها لە سێکانیان لە کۆی سێ هەزار دەنگ پارتی دیموکراتی کوردستان هەزار و 801 دەنگی بەدەستهێناوە و یەکەم بووە.
 
لە بنکەی توراسی عەرەبی لە ناوەندی شاری مووسڵ پارتی لە نێوان شەش لایەنی سیاسیدا چوارەم بووە و 126 دەنگی بەدەستهێناوە.
 
هەر بەپێی ئەنجامە بەراییەکان لە دەنگدانی تایبەتیشدا پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا 15 هەزار و 642 دەنگی بەدەستهێناوە و یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش سێ هەزار و 263 دەنگی بەدەستهێناوە.