پارتی لە سنووری مەخموور یەکەمە؛ 'سوپاسی برا عەرەبەکان دەکەین کە دەنگی زۆریان پێداوین'

رووداو دیجیتاڵ

پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری مەخموور زۆربەی دەنگەکانی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بردووە و دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دێت. 
 
پەیام سەربەست پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شاری مەخموور گوتی: "لە ناوەندی مەخموور کە 5 بنکەی دەنگدانی لێ بوو. بەگوێرەی ئەو ئەنجامە بەراییانەی دەستمانکەوتووە، پارتی دیموکراتی کوردستان 2101 دەنگی بردووەتەوە. هەروەها یەکێتی نیشتمانیی کوردستان 1915 دەنگی بەدەستهێناوە. پارتی لە قەراج  2100 دەنگی بردووەتەوە، یەکێتیش 280 دەنگی بردووەتەوە".
 
لایەنگرانی پارتی دەڵێن لە گوندەواری مەخمووریش ئەوان لەپێشن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامەکان بەرایین. کرێکار شاکر، بەرپرسی ناوچەی مەخمووری پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەردەم ناوچەی مەخموور لەگەڵ لایەنگرانی پارتەکەی ئاهەنگیان گێڕا و پیرۆزبایی سەرکەوتنیان کرد. 
 
کرێکار شاکر بە تۆڕی میدیایی راگەیاند کە ئەوان لە مەخموور و قەراج لەپێشەوەن و سوپاسی خەڵکی سنوورەکەی کرد. هەروەها جەختیکردەوە ئەوان سەرکەوتنیکی گەورەیان بەدەستهێناوە و گوتی: "پارتی لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا لە مەخموور، یەکەمی بێ رکابەرە. زۆر سوپاسی برا عەرەبەکانیش دەکەین کە لە قەراج دەنگی زۆریان پێداوین. لە هەموو ئەو گوندە عەرەبنشین و کوردنشینانەی سندووق هەبووە، ئێمە یەکەمین. لە سنووری قەزای مەخموور خزمەتێکی زۆری برا عەرەبەکانمان کردووە. ئەوانیش نیشانیاندا کە مەخموور کوردییە و پەنا بەخوا دەگەڕێتەوە سەر پارێزگای هەولێریش".
 
نەریمان مەلا عەزیز، کارگێڕی لقی 23ی پارتی بە رووداوی راگەیاند کە پرۆسەی دەنگدان لە مەخموور، قەراج و گوێڕ بەوپەڕی ئازادی و دیموکراسی بەڕێوەچوو و گوتی: "پارتی پێشتریش لە قەزات مەخموور پێشەنگ بووە و لە داهاتووشدا هەر بە پێشەنگی دەمێنێتەوە. ئەو پشتگیرییەی برا عەرەبەکان زۆر گرنگە. ئەمەش رێنمایی جەنابی سەرۆک بارزانییە کە هەمیشە رێنمایی ئەوەمان دەکات برایەتی و پێکەوەژیان لە مەخموور و ناوچەکە بپارێزرێت".
 
بۆ ئاگاداربوون لە دوایین زانییارییەکان سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و دەنگی حیزبەکان لە هەر پارێزگایەک، کلیک لێرە بکە