ئاماری بەشداری لە دەنگدانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق تاوەکو کاژێر 12:00

18-12-2023
دیار جەمیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

تاوەکو کاژێر 12:00 رێژەی بەشداریی لە پرۆسەی دەنگدان لە کەرکووک لە 32% و لە پارێزگای ئەنباریش 27‎% بووە. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش رێژەی بەشداریی سەرجەم پارێزگەکانی بڵاوکردووەتەوە دەڵێت، رێژەی بەشداریی دەنگدانی گشتی لە عێراق تاوەکو کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ گەیشتووەتە 17%. 
 
رۆژی دووشەممە 18-12-2023، لە کاژێر حەوتى بەیانییەوە ناوەندەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى گشتیی ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق دەستیپێکرد، تێیدا زیاتر لە 15 ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەیە بۆ دیاریکردنى 285 ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاکان.
 
عەلی عەباس، بەرپرسی راگەیاندنی لقی کەرکووکی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ژمارەی ئەو کەسانەی دەنگیان داوە تاوەکو کاژێر 12:00 نیوەڕۆ 260 هەزار و 519 کەس بووە، رێژەی بەشدارییکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردن 32% بووە. 
 
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، لە پارێزگای ئەنبار رێژەی بەشداری 27‎% بووە 211 هەزار و 194 کەس تاوەکو کاژێر 12ـی نیوەڕۆ بەشدارییان لە هەڵبژاردن کردووە.
 
هەر بەپێی ئامارەکەی کۆمیسیۆن رێژەی بەشدارییکردن لە دەنگدان لە پارێزگای دیالە، 11% بووە و 95 هەزار و 346 کەس دەنگیان داوە. لە پارێزگای نەینەواش رێژەی بەشداریی 23% بووە. 
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردووەتەوە کە رێژەی بەشداریی لە دەنگدان لە پارێزگای سەڵاحەدین 26% و لە بەغدا - رەسافە 9% و بەغدا - کەرخ 11% بووە. 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی رێژەی بەشدارییکردن لە هەڵبژاردن بەپێی پارێزگاکان بەم شێوەیەیە: 
 
بەسرە: 19٪
میسان: 11٪
قادسیە؛ 16٪
زیقار: 13٪
نەجەف: 13٪
موسەننا: 14٪
بەغدا/ کەرخ: 11٪
بەغدا/ رەسافە: 9٪
کەربەلا: 15٪
بابل: 17٪
دیالە: 11٪
ئەنبار: 27٪
واست:13٪
سەلاحەدین: 26٪
کەرکووک: 32٪
نەینەوا: 23٪

 

 
یەکەمجارە لەدواى ساڵى 2013، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە 14 پارێزگاى عێراق بکرێت، یەکەمجاریشە لە دواى ساڵى 2005 هەمان هەڵبژاردن لە کەرکووک دەکرێت.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە 15 کورسی و کورسییەکی کۆتای کریستیان پێکهاتووە، کورد تێیدا بە پێنج لیستی جیا بەشداری هەڵبژاردن دەکات؛ یەکێتی و حیزبی شیوعی کوردستان بە هاوپەیمانیی "کەرکووک هێز و ئیرادەمانە" بە ژمارە 142؛ پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 197؛ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی بە هاوپەیمانیی مەشخەڵی کەرکووک بە لیستی ژمارە 163؛ پارتی سوسیالیست دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 202 و جووڵانەی نەوەی نوێ بە لیستی ژمارە 167 بەشدارن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە