بەرگریی شارستانی هەولێر: زۆربەی ئەو کۆمپانیایانەی سیستمی LPGیان داناوە مۆڵەتیان نەبووە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ لیژنەیەکی پارێزگای هەولێر لەگەڵ کۆمپانیاکانی سیستمی گازی LPG کۆدەبنەوە بەمەبەستی پێدانی رێنوێنییەکان و رێکخستنی کارەکان و مۆڵەتپێدانیان، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، "دەبێت ئەو کۆمپانیایانەی مۆڵەتی دانانی شۆڤاژیان هەبووە و سیستمی گازی LPGیان بەستووە داوای مۆڵەت بکەن، چونکە پێشتر بەناوی دانانی شۆفاژەوە مۆڵەتیان وەرگرتووە، بەڵام گازیشیان داناوە، مەرجەکانیش تووندتر دەکرێن."
 
رۆژی یەکشەممە 18-12-2022، رائید سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ ئەو کۆمپانیایانەی لە پارێزگای هەولێر سیستمی گازی LPG دادەنێن و شۆفاژ دەبەستن کە ژمارەیان 14 کۆمپانیا دەبێت، لەگەڵ لیژنەیەکی پارێزگای هەولێر لە بەڕێوەبەرایەتیمان کۆدەبنەوە، مەبەست لەو کۆبوونەوەیە ئەوەیە رێنوێنییەکانیان پێبدرێت، کارەکانیان رێکبخرێتەوە و مەرجەکانیش تووندتر دەکرێن."
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتیشی، "پێشتر زۆربەی ئەو کۆمپانیایانەی سیستمی گازی LPGیان بەستووە مۆڵەتیان نەبووە، بۆیە ئەوانەی شۆفاژیان بەستووە و LPGیشیان داناوە دەبێت مۆڵەت وەربگرن بۆ دانانی سیستمی گازیش، هەروەها هەموو زانیارییەکانیان نوێ دەکرێتەوە، هەموو ئەوانەش لەپێناو ئەوەی کارەکان باشتر بکرێت و رێگری لە هەر رووداوێک بکرێت کە روودەدات."
 
رائید سەرکەوت کاڕەش ئاماژەی بەوەش کرد، لەمەودوا بە تووندی کار بە رێنوێنییەکانی ژمارە 1ی ساڵی 2020 دەکرێت، "بە نموونە هەر کۆمپانیایەک سیستمی LPG دەبەستێت دەبێت ئەندازیارێکی میکانیکی هەبێت و کەرەستەکانی دیاربێت لە کوێوە دەیهێنێت."
 
زیاتر لە 18 ساڵە سیستمی شۆفاژ و گازی LPG لە هەرێمی کوردستان پەرەی پێدراوە؛ لە هەولێر 15 کۆمپانیا و لە سلێمانی 33 کۆمپانیا مۆڵەتی دانانی سیستمی شۆفاژیان هەیە.
 
رۆژی 17-11-2022، لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی، سیستمی گازی ماڵێکی گەڕەکەکە تەقییەوە و بەهۆیەوە 15 کەس گیانیان لەدەستدا و 12 کەسی دیکەش برینداربوون. هەر دوای رووداوەکە بڕیاردرا کە کارکردن بە سیستمی غازی LPG رابگیرێت و کۆمەڵێک رێنمایی نوێ بۆ بەکارهێنانی گازی ماڵان دەربکرێت.
 
هەروەها شەوی دووشەممە 21-11-2022 لە گەڕەکی گرێ باسێ لە دهۆک بەهۆی هەمان سیستمی گازی شۆفاژەوە تەقینەوەیەک روویدا و بەهۆیەوە 5 کەس کە ئەفسەرێک، دوو پۆلیس و خوێندکارێکی زانکۆ و کرێکارێک بوون گیانیان لەدەستدا. هەروەها 32 کەسی دیکەش برینداربوون.