رووداو - هەولێر
قوتابییەکی خەڵکی حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان کە لە قوتابخانەیەکی سیستم بەریتانی دەخوێنێت، توانیی لە تاقیکردنەوەی پیرسن GCSEی نێودەوڵەتی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق بەدەستبهێنێت، ئەوەش سەرکەوتنێکی مێژوویی بوو بۆ خۆی و قوتابخانەکەی.
ئەو قوتابییە کە ناوی گابار فەرحان-ە دەڵێت، "رۆژانە چوار بۆ پێنج کاژێر دەمخوێند بۆ تاقیکردنەوەکان، گران بوو و پێشبینیم دەکرد نمرەکانم باش بن، کە تاقیکردنەوەکەم کرد لەبەرچاوم ئاسان بوو، دەمگوت خودایە نمرەکانم باش بن و بەرزترین بن و ئەستێرە بن نمرەکانم، بەڵام بڕوام نەدەکرد هەمووی ئەستێرە بن."
تاقیکردنەوەی پیرسن GCSE، تاقیکردنەوەیەکی نێودەوڵەتیی ساڵانەیە و لە جیهان لەو قوتابخانانەی کە سیستمیان بەریتانییە ئەنجام دەدرێت. لە هەندێک شوێن قوتابی لە پۆلی 10 ئەم تاقیکردنەوەیە دەکات، لە هەندێکی دیکەش لە پۆلی 11. تاقیکردنەوەکە لە رێگەی ستافێکی سەر بە کۆنسوڵخانەی بەریتانیا لە هەر وڵاتێک ئەنجام دەدرێت، قوتابخانەکەی گابار وەکو خەڵاتی بەدەستهێنانی ئەم پلەیە، ئەمساڵ سکۆلەرشیپیان داوە بە گابار، واتە خوێندن بێبەرامبەر.
نەسرەدین یونس، بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی گابار دەڵێت، "دوای بەدەستهێنانی ئەم ئەنجامە باشانە لە IGCSE، ئەمساڵ لە پۆلی 11 خۆی بۆ تاقیکردنەوەی ئەی ئێس ئامادە دەکات و ئەو وانانە هەڵدەبژێرێت کە دەیەوێت زانکۆی بۆ بخوێنێت، ئەگەر لەویش سەرکەوتوو بێت، دوای ئەو تاقیکردنەوەی ئەی لێڤڵ دەکات، ئەگەر لەویش ئەنجامی باشترین بەدەستبهێنێت دەتوانێت بچێت بۆ زانکۆ ئاست بەرزەکانی وەکو کامبریج، هارڤارد یان ئۆکسفۆرد."
گابار ئەمساڵ قوتابیی پۆلی 11ی ئامادەییە و دەڵێت، "خەونی من ئەوەیە ببمە پزیشک، چونکە کارەکە خۆشە و دەمەوێت یارمەتیی خەڵک بدەم، باوکی منیش پزیشکە و لە باوک و باپیرانم پزیشکمان هەیە، بۆیە پێموایە پزیشک کارێکی خۆش و باشە و حەزی پێدەکەم، شتێک نییە کە بە دڵم نەبێت."
تیمی رووداو چووە ماڵی گابار؛ باوکی پزیشکی دڵە. پێش هەرێمی کوردستان 13 ساڵ ئەم خێزانە لە سعودیە ژیاون، دوو ساڵ بەر لە ئێستا بڕیاریان داوە بێن بۆ هەرێمی کوردستان.
فەرحان عەبدوڵڵا، باوکی گابار دەڵێت، "ئەوان چ ویست و ئومێدێکیان هەیە لە دنیا، خۆیان هەڵیدەبژێرن، رۆڵی من ئەوەیە هاندەریان بم و پشتگیرییان بکەم."
تاقیکردنەوەی GCSEی نێودەوڵەتی لە عێراق لە نزیکەی 50 قوتابخانەی نێودەوڵەتی ئەنجامدەدرێت، بە گوتەی بەرپرسانی قوتابخانەکەی گابار، ئەمساڵ گابار لەنێو نزیکەی 2500 قوتابی، پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ