رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەناردەکردنی هەناری هەرێمی کوردستان لە نووسینگەی سەرۆکی حکومەت دەڵێت، کارەکانیان بۆ زیادکردنی هەناردەکردنی بەرهەمی نێوخۆ بەردەوامن و ساڵی داهاتوو ترێ، سێو و هەنگوینیش هەناردە دەکەن.
زیاتر لە مانگێکە هەناری هەڵەبجە و زاخۆ هەناردە دەکرێت. رۆژی یەکشەممە 18-12-2022، جەلیل ساڵەیی، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەناردەکردنی هەناری هەرێمی کوردستان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پڕۆژەی هەناردەکردنی هەنار بەردەوامە و نزیکەی نیوەی هەناری ئامادەکراو بۆ هەناردەکردن هەناردەکراوە."
هەرێمی کوردستان 2 هەزار تۆن هەناری "زۆر باش"ی ئامادەکردووە بۆ هەناردەکردن. جەلیل ساڵەیی گوتی، بەگوێرەی داواکاریی وڵاتان، توانای 2 هەزار تۆن هەناردەکردنی هەنار بۆ ئەمساڵ هەیە و گوتیشی، ئەو هەنارەی هەناردەی دەکەن 70%ـی هەناری هەڵەبجەیە و 30%ی هەناری زاخۆیە.
ساڵی داهاتوو بە گوتەی ئەو سەرپەرشتیارە، سێ بەرهەمی دیکەی جووتیار و باخەوانان (سێو، ترێ و هەنگوین) هەناردە دەکەن.
جەلیل ساڵەیی باسی لەوەش کرد، پڕۆژەی هەناردەکردنی هەنار سوودی بۆ بەشێکی باخەوانان هەبووە و گوتیشی: "ساڵانی پێشوو یەکێک لە کێشەکانی جووتیاران و باخەوانان چۆنیەتی ساخکردنەوەی بەرهەم بوو و پێش پێگەیشتنی نەیاندەزانی چۆن بەرهەمەکەیان ساخ بکەنەوە. ئێستا هەنارەکە بە دارەکەوە بووە جووتیار پارەی خۆی وەرگرتووە. ئەم پڕۆژەیە خاوەنی نزیکەی 100 باخ لێی سوودمەندبوون."
ئەو وڵاتانەی هەناری کوردستانیان بۆ نێردراوە، ئیمارات و قەتەرن و بڕیاریش بوو هەناری هەڵەبجە هەناردەی فەرەنسا بکرێت.
سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەناردەکردنی هەناری هەرێمی کوردستان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەشکرد، دوای تەواوبوونی هەناردەکردنی هەنار، لەسەر پڕۆژەکە 12 خاڵ ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ برەودان بە هەناردەکردن، لە یەکێک لە خاڵەکاندا داوای زیاتر هەوڵدان بۆ راکێشانی وەبەرهێنی بیانی دەکەن، بۆ ئەوەی بێنە هەرێمی کوردستان و لە بەرهەمهێنان، ئامادەکردنی ساردخانە و پێداویستییەکانی کۆکردنەوە و هەناردەکردندا هاوکاریی جووتیاران و باخەوانانی هەرێمی کوردستان بکەن.
رۆژی 2-12-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وێنەی بارهەڵگرێکی بڵاوکردەوە کە وێنەی هەناری لەسەربوو لەسەری نووسرابوو "هەناری کوردستان" و وەکو ئاماژەیەکیش بۆ هەناردەکردنی هەنارەکە نووسیبوی: "بەڵێنەکەمان بەجێگەیاند."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ