موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر: رۆژانە زیاتر لە 10 کاژێر کارەبا دەدەینە هاونیشتمانییان


رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر دەڵێت، "پێوەری زیرەک هیچ کاریگەرییەکی نەبووە لە زیادکردنی کارەبای نیشتمانی و ئێستا موەلیدەکان بەراورد بە پێش دانانی پێوەری زیرەک، کاژێرەکانی کارکردنیان زیاترە." ئەندامێکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆکیش دەڵێت: بەهۆی پشتیوانی نەکردنی حکومەت لە دابینکردنی گازوایل و سووتەمەنی، نرخی کارەبای موەلیدە گرانتر دەبێت لەسەر هاونیشتمانییان.
 
قارەمان مەولوود، بەرپرسی موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر بە رادیۆی رووداوی گوت، ئێستا رۆژانە نزیکەی زیاتر لە 10 کاژێر کارەبا دەدەنە هاونیستمانییان. بەگوێرەی خشتەیەک لە کاژێر 06:30 بۆ 08:30 بەیانی و لە کاژێر 13:00 بۆ 01:00ی شەو کارەبا دەدرێت بە هاونیشتمانییان و ئەگەر لەو نێوەندەدا کارەبای نیشتمانی نەبێت موەلیدەکان کارەبا دەدەن.
 
لەبارەی نرخی ئەمپێری کارەبای موەلیدە، بەرپرسی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، دیاریکردن و دانانی نرخی ئەمپێر بەگوێرەی سیستمێکە کە لە کۆتایی مانگەکاندا ژمارەی کاژێرەکانی کارەبا و نرخی سووتەمەنی تۆمار دەکرێت، دواتر نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە دیاری دەکرێت.
 
قارەمان مەولوود گوتیشی، لە سەرەتای مانگی 12وە تاوەکو ئێستا موەلیدە ئەهلییەکان لە هەولێر، نزیکەی 190 کاژێر کارەبایان داوەتە هاونیشتمانییان و دۆخی کارەبای نیشتمانی دیاریدەکات تاوەکو کۆتایی مانگ دەشێت چەند کاژێری دیکە کارەبا بدەنە هاونیشتمانییان.
 
پڕۆژەی بەستنی پێوەری زیرەکی کارەبا لەلایەن وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستانەوە لە 2020 دەستیپێکردووە، تاوەکو کانوونی دووەمی 2022 نزیکەی 80٪ـی پڕۆژەکە تەواوبووە کە نزیکەی ملیۆنێک و 150 هەزار پێوەری زیرەکە.
 
وەک قارەمان مەولوود دەڵێت، سەرەڕای دانانی پێوەری زیرەک بۆ کارەبای نیشتمانی، بەڵام "ئەمساڵ لە ساڵی رابردوو موەلید ئەهلییەکان زیاتر کاریان کردووە و کاژێرەکانی پێدانی کارەبایان زیاتر بووە." 
 
هەروەها بەشیر مزووری، ئەندامی باڵای سەرپەرشتیاری موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە رادیۆی رووداوی گوت، لە پارێزگای دهۆک رۆژانە 24 کاژێر کارەبا دەدرێتە هاونیشتمانییان کە 10 کاژێر و 30 خولەکی لەلایەن موەلیدە ئەهلییەکان و 13 کاژێر و 30 خولەکی دیکەی کارەبای نیشتمانییە.
 
بەشیر مزووری گوتیشی، "گوشارێکی زۆر لەسەر موەلیدەکان هەیە و خاوەنی موەلیدەکان داوایان کرد، هاوشێوەی هەولێر و سلێمانی بەگوێرەی خشتەیەک کارەبا بدرێتە هاونیشتمانییان و کاژێرەکانی کارکردنی موەلیدەکان کەم بکرێنەوە، بەڵام خەڵک رازی نەبوون."
 
لەبارەی نرخی ئەمپێرێک کارەبا بۆ مانگی کانوونى یەکەمى 2022، ئەندامەکەی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان لە دهۆک گوتی، "ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوامبێت، ئەم مانگە نرخی یەک ئەمپێر لەنێوان 19 بۆ 20 هەزار دینار دەبێت." لەکاتێکدا مانگی رابردوو لەنێوان 17 بۆ 18 هەزار بووە." 
 
بەشیر مزووری ئاماژەی بەوەش کرد، گرانی نرخی سووتەمەنی و گازوایل وایکردووە نرخی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان گران لەسەر هاونیشتمانییان بکەوێت. گوتیشی، "حکومەت هیچ پشتیوانییەکی نییە بۆ پاڵپشتی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ موەلیدە ئەهلییەکان و لە 2015وە ئەو پشتیوانییە نەماوە، زۆرجار قەیرانی سووتەمەنی و گازوایل دروستدەبێت بەهۆی زۆری خواست لەسەر گازوایل و سووتەمەنی."