رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران: گیانی پێنج لە خۆپێشاندەرە دەستگیرکراوەکانی شنۆ لە مەترسیدایە


رووداو دیجیتاڵ 

رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران هۆشداریی داوە کە گیانی پێنج لە دەستگیرکراوەکانی خۆپێشاندانەکانی شاری شنۆ لە مەترسیدایە و دەڵێت: "ئەوان لە زیندانی ورمێوە گواستراونەتەوە شوێنێکی نادیار."
 
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێت: "سەرەڕای ئەوەی کۆماری ئیسلامی رەتیکردووەتەوە سزای سێدارە بەسەر دەستگیرکراوەکانی شاری شنۆ لە پارێزگای ورمێدا سەپێنرابێت، بەڵام ئەوان گوازراونەتەوە شوێنێکی نادیار و مەترسییان لەسەرە لە ناکاو لەسێدارە بدرێن."
 
پێشتریش رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان رایانگەیاندبوو، شەش لە دەستگیرکراوەکانی خۆپێشاندانەکانی شاری شنۆ بە "موحاڕەبە" (شەڕی دژی خودا) تۆمەتبار کراون و مەترسییان لەسەرە لەسێدارە بدرێن.
 
سەرەڕای ئەوە، ناسر عەتەباتی، داواکاری گشتیی پارێزگای ورمێ، رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو رەتیکردەوە هیچ یەک لەو دەستگیرکراوانە حوکمیان بەسەردا درابێت و گوتی، دۆسیەی فەرهاد و فەرزاد تەهازادە، دوو برای دەستگیرکراو لەژێر لێکۆڵینەوە دایە. 
 
هەفتەی رابردوو وا بڵاوکرایەوە، فەرهاد و فەرزاد تەهازادە مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
 
ئێستا رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێت، جگە لە فەرهاد و فەرزاد تەهازادە، هەژار حامیدی، شەهرام مەعروف مەلا، هێمن شاهی و ئەیوب ئاغەلیانی و رەزا ئیسلام دووستیش مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە. 
 
بەپێی راپۆرتی ئەو رێکخراوە لە هەموو ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، لانیکەم 39 خۆپێشاندەر مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
 
حکومەتی ئێران تاوەکو ئێستا دوو خۆپێشاندەری لە تاران و مەشهەد لەسێدارە داوە، کە هەردووکیان کورد بوون.