پاراستنی ژینگەی ئێران: مەترسی هەیە دەریاچەی ورمێ ببێتە گۆماوێکی وەرزی

 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران لەبارەی نەمانی دەریاچەی ورمێ هۆشداری دەدات و دەڵێت، لەوانەیە ببێتە تاڵاوێکی وەرزی و چەند مانگی ساڵ بە تەواوی وشک ببێت.
 
ئارەزوو ئەشرەفی زادە، بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی پاراستن و ژیاندنەوەی تاڵاوەکان لە رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران رایگەیاند، ساڵی رابردوو تەنیا یەک لەسەر سێی ئەو بەشە ئاوە دابینکراوە، کە بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ بڕیاری لەسەر دراوە.
 
بە گوتەی ئارەزوو ئەشرەفی زادە، بەهۆی رێژەی زۆری بەهەڵمبوونی ئاوەکەی، ئەگەر ساڵانە بەشە ئاوی دەریاچەی ورمێ بە تەواوی دابین نەکرێت، وردە وردە دەریاچەی ورمێ بە تەواوی وشک دەبێت و دەبێتە گۆماوێکی وەرزی.
 
بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی پاراستن و ژیاندنەوەی تاڵاوەکان لە رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران دەشڵێت، ئەگەر دەریاچەکە وشک ببێت، باهۆزی خوێ سەرهەڵدەدات و کاریگەریی لەسەر نەهێشتنی ژیان و کشتوکاڵ لە ناوچەکانی دەوروبەری دەریاچەکە دادەنێت.
 
بەپێی ئاماری کۆمپانیای ئاوی پارێزگای ورمێ، ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێ لە مانگی سێیەمی پاییزی ئەمساڵ بۆ 1270 مەتر دابەزیوە کە 46 سانتیمەتر کەمترە لە ماوەی هاوشێوەی پار.
 
دەریاچەی ورمێ گەورەترین دەریاچەی کوردستان و ئێران و گەورەترین دەریاچەی ئاوی سوێری رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. ساڵی 1998 رووبەری دەریاچەکە نزیکەی 6000 کیلۆمەتری چوارگۆشە بوو. لەو ساڵەوە پرۆسەی وشکبوونی دەستیپێکردووە و ئەمساڵ رووبەرەکەی بۆ 2027 کیلۆمەتری چوارگۆشە بچووک بووەتەوە.