قوشتەپە دەکرێتە قەزا و قەزای دەشتی هەولێریش لە بنەسڵاوە جیادەکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کۆدەبێتەوە و ناوەندی ناحیەی قوشتەپە دەکاتە قەزای دەشتی هەولێر و بنەسڵاوەش دەکاتە قەزایەکی جیاواز.
 
رۆژی یەکشەممە 18-12-2022 عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە رووداوی راگەیاند، رۆژی دووشەممە 19-12-2022 کاژێر 12:00 کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە (104)ی ئەنجوومەن دەکرێت و تێیدا دەنگ لەسەر چەند گۆڕانکارییەک دەدرێت.
 
لە کۆبوونەوەکەدا یاداشتی لیژنەی ناوخۆ سەبارەت بە نووسراوی پارێزگای ھەولێر ژمارە (1236) لە (15-09-2022) تاوتوێکردنی گۆڕینی ناوی قەزای دەشتی ھەولێر بۆ قەزای بنەسڵاوە، هەروەها قەزایەکی دیکە بەناوی قەزای دەشتی ھەولێر بە سنووری جوگرافیی جیاواز کە سەنتەرەکەی قوشتەپە دەبێت و ھەروەھا ناحیەی بێستانە کە سەنتەرەکەی ناحیەی بێستانەی گەورە دەبێت دەخوێندرێتەوە و دەنگی لەسەر دەدرێت.
 
ھەروەھا لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر لکاندنی ناحیەی شەمامک بە قەزای دەشتی ھەولێر و دووبارە داڕشتنەوەی سنووری کارگێڕیی قەزاکان بەپێی دوور و نزیکی دەدرێت.