کۆنگرەی یەکێتی دوادەخرێ یان نا؟
رووداو - هەولێر
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رەتیدەکاتەوە هیچ بڕیارێك بۆ دواخستنی كۆنگرەی حیزبەكەی هەبێت و دەڵێت، كۆنگرەی چوار لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجام دەدرێت.
لەتیف شێخ عومەر، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "هەموو ئامادەكارییەكان بۆ کۆنگرە لە تەواوبووندایە و لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام دەدرێت".
گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختی لەوە كردوە کە هیچ كەسێك لەناو یەكێتی باسی دواخستنی كۆنگرەی نەكردوە و دەڵێت "نازانین ئەو قسانە لەكوێوە دێت كە دەڵێن كۆنگرە دوادەخرێت".
هەر سەبارەت بە کۆنگرەی داهاتووی یەکێتی کە بڕیارە رۆژی 21-12-2019 بەڕێوەبچێت، فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی بە رووداوی راگەیاند "هیچ بڕیارێك بۆ دواخستنی كۆنگرە نییە و هەموو كێشە سیاسییەكانی ناو كۆنگرەش چارەسەركراون".
فەرید ئەسەسەرد دەڵێت "لە كۆنگرەدا دوو ئەنجوومەن دروستدەكرێن یەكێكیان لە 121 كەس پێكدێت و بە هەڵبژاردن دیاری دەكرێت".
ئەسەسەرد روونیكردەوە ئەنجوومەنەكەی دیكە كە ناوی (ئەنجوومەنی سیاسی باڵا) دەبێت هەڵبژادنی بۆ ناكرێت و لە كۆنگرەدا ناوی ئەندامەكانی رادەگەیێندرێت و دەڵێت "كۆسرەت رەسوول سەرۆكایەتی ئەو ئەنجوومەنە دەكات، مەرجیشە ئەو كەسە لەو ئەنجوومەنە دادەنرێت، تەمەنی لە 40 ساڵ كەمترنەبێت و ئەزموونی سیاسیشی هەبێت".
بڕیارە رۆژی شەممە 21-12-2019 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆنگرەی چوارەمی خۆی ببەستێت، رووداو بەر لە کۆنگرەکە پرۆژە پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حیزبەی بڵاوکردەوە کە لە نۆ بەش پێکهاتووە.