لە هەرێمی کوردستان لە زۆربەی کافتریاکاندا نێرگەلە دەکێشرێت

 
رووداو - هەولێر

نێرگەلەکێشان بووەتە خوویەکی ئاسایی و تێکەڵ بە ژیانی رۆژانەی بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگە بووە. ئێستا لە هەرێمی کوردستان زۆربەی کافتریاکان نێرگەلەیان تێدا دەکێشرێت. زۆرینەی بەکارهێنەرانیشی گەنجانن. 
 
بە پێی توێژینەوە زانستیەکان، لە هەر مژێکی نێرگەلەدا نزیکەی چوار هەزار ماددەی ژەهراوی تێکەڵ بە لەشی مرۆڤ دەبن و کاریگەرییەکی زۆر مەترسیدارتری لە جگەرەکێشان هەیە. کلینیکی ئەنتیتۆباکۆ وەک یەکەمین سەنتەر لە کوردستان و عێراق بۆ وازهینان لە جگەرە و نێرگەلەکێشان دەرگەیەکی نوێیە بۆ رزگاربوون لە دووکەڵە ژەهراویەکان.
 
د. مەتین عەبدولڕەزاق، پزیشکی گشتییە و لە کلینیکی ئەنتیتۆباکۆ کاردەکات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "نەخۆشەکە دەبێت ویستی بەهێزبێت و خۆی بڕیاربدات کە واز لە نێرگەلە و جگەرەکێشان بهێنێت. کە بڕیارەکەیدا، پزیشکەکانمان لەگەڵی دادەنیشن بۆئەوەی بەشێوەیەکی تەندروست وازبهێنێت بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر تەندروستیی خۆی دروستببێت".
 
لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنانی تووتن لە هەرێمی کوردستان، ئاماژە بە کونترۆڵی بەکارهێنانی نێرگەلەکێشان کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەمە نەبووەتە مایەی کەمتربوونەوەی.
 
سەرهەنگ جەلال، بەڕێوەبەری کاروباری پاراستنی تەندروستی ئاماژە بەوە دەکات "پێویستە زیاتر گرنگی بە هۆشیاریی تەندروستی بدرێت تاوەکو خەڵک زیانەکانی نێرگەلە و جگەرە بزانن و لێیان دووربکەونەوە. هەروەها پێویستە باج لەسەر تووتن، جگەرە و نێرگەلە زیادبکرێت کە رێگەیەکە بۆ کەمبوونەوەی بەکارهێنانیان".
 
کەمکردنەوەی ئارەزووی خواردن، زیادبوونی خەستیی خوێن و لێدانی جەڵتەی دڵ و مێشک لە کاریگەرییەکانی بەکارهێنانی جگەرە و نێرگەلەن. بەپێی ئاماری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە هەشت ملیۆن کەس بەهۆی بەکارهێنانی جۆرەکانی تووتنەوە گیان لەدەستدەدەن. 
 
تۆڕی میدیایی رووداو بۆ سێیەمین ساڵ بە راگەیاندنی پرۆژەی ئەنتیتۆباکۆ دەیەوێت مەترسییەکانی بەکارهێنانی تووتن لەسەر ئاستی هەر چوارپارچەی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ کەمبکاتەوە.