چەکى قەرەبووى زیانلێکەوتووانى داعش بۆ هاونیشتمانییانی سنووری شنگال خەرج دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
یەکەم گوژمەى قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووانى دەستى داعش لە نەینەوا خەرج کرا، کە زۆرینەى بۆ هاونیشتمانییانى سنووری قەزاى شنگالە.
محەممەد کاکەیی، سەرۆکى لیژنەى ئەمنیی ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لە سەرەتاى ئەم مانگەوە دەستکراوە بە خەرجکردنى چەکى قەرەبووى زیانلێکەوتووانى دەستى داعش کە زۆرینەیان لە سنوورى قەزاى شنگالن. 101 ملیار دینار بۆ ئەو مەبەستە گەیشتووە و بڕیارە لە چەند رۆژى داهاتوودا 14 ملیار دینارى دیکە بگات."
ئەوانەى قەرەبوو دەکرێنەوە، پێشتر مامەڵەکانیان لەلایەن لیژنەى قەرەبووکردنەوەوە وردبینى کراوە، تاوەکو روون ببێتەوە خانوو و کەلوپەلەکانیان لەکاتى هێرشی داعش لە ساڵى 2014 بۆ سەر نەینەوا زیانى بەرکەوتووە یان نا.
محەممەد کاکەیی گوتى، "ئەو مامەڵانەى لەم گوژمەیەدا قەرەبوو دەکرێنەوە، ئەوانەن لە ساڵى 2017 تاوەکو 2021 مامەڵەکانیان کردووە. ساڵى 2025 ئەوانە قەرەبوو دەکرێنەوە کە مامەڵەکانیان لە 2022 تەواو بووە."
ئەمڕۆ دووشەممە 18ى تشرینى دووەمى 2024 رێکخراوى مافى مرۆڤى جیهانى (هیومن رایتس وۆچ) بڵاویکردەوە، ئەم گوژمەیەی قەرەبووکردنەوەیە 11 هەزار کەس دەگرێتەوە، 3 هەزار و 500 کەسیان لە سنوورى شنگالن.
سەرۆکى لیژنەى ئەمنیى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا رایگەیاند، چەکى قەرەبووەکان لە دیوانى پارێزگا دەدرێتە ئەوانەى قەرەبوو دەکرێنەوە و بەگوێرەى بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، 50%ى پارەى خەمڵێندراوى زیانەکان دەدرێتە خێزانە زەرەرمەندەکانى دەستى داعش.