قۆناخی دووەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی دابەشکردنی زەوی دەکات. گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، "نزیکەی 6 هەزار کەس ناویان لە وەزارەت هاتووەتەوە".
ئەمڕۆ دووشەممە، 18-11-2024، زەردەشت رەفیق، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی بە رووداوی گوت: "ئامادەکاریمان بۆ دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی دابەشکردنی زەویی فەرمانبەران کردووە."
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 27ی ئاداری ئەم ساڵ بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون.
بە گوتەی بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی، "ناوی فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی کارەبا و کاروباری کۆمەڵایەتی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانیان لە وەزارەت گەڕاوەتەوە و وردبینی تەواو بووە."
زەردەشت رەفیق لەبارەی کاتی دابەشکردنەکەوە گوتی: "لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی زەوییەکان دەکەین. زەوییەکان لە رێگەی تیروپشکەوە دابەش دەکرێن."
زەردەشت رەفیق دەشڵێت: "ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی ناویان لە وەزارەت گەڕاوەتەوە بۆ وەرگرتنی زەوی، لە سنووری شارەوانیی سلێمانی نزیکەی 6000 هەزار کەس دەبێت".
ئەو بەرپرسەی راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی گوتی: "پێش هەڵبژاردن نزیکەی هەزار و 600 پارچە زەویمان بەسەر فەرمانبەرانی شارەوانیدا دابەشکرد. هەر کاتێک ناوی دیکەمان بۆ گەڕایەوە، زەویمان لەبەر دەستە و دابەشی دەکەین."
بڕیاری دابەشکردنی زەوی 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە و دابەشکردن بەردەوامە.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک دەبێت هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:
- ساڵانی خزمەت
- ژمارەی ئەندامانی خێزان
- شوێنی نیشتەجێبوون