سوپای پاسداران لە کرماشان مانۆری سەربازی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران لە ناوچەی قەسری شیرینی پارێزگای کرماشان مانۆڕێکی سەربازی دەکات. قایمقامی قەسری شیرین دەڵێت، ئەگەری بیستنی دەنگی تەقە و تەقینەوە هەیە، بۆیە پێویست ناکات خەڵکی ناوچەکە نیگەران بن.
قایمقامی شاری قەسری شیرین رایگەیاند، لە کاژێر هەشتی بەیانیی رۆژی دووشەممە، 18ـی تشرینی دووەم، مانۆڕی سەربازی سوپای پاسداران لە سنوورەکانی ناوچەی قەسری شیرین دەستپێدەکات.
محەممەد نەجەفی، قایمقامی قەسری شیرین گوتی: "بەهۆی مانۆڕەکەی سوپای پاسدارانەوە ئەگەری ئەوە هەیە دەنگی تەقە و تەقینەوە لە ناوچەکە ببیسترێت؛ بۆیە خەڵکی قەسری شیرین دڵنیا دەکەین کە هیچ کێشەیەک نییە و پێویست ناکات نیگەران نەبن."
بە گوتەی قایمقامی قەسری شیرین، "مانۆڕە سەربازییەکە بە مەبەستی بەهێزکردن و بەرەوپێشبردنی توانای جەنگیی هێزە چەکدارەکان ئەنجام دەدرێت."
نەجەفی راشیگەیاند، بە وریایی و ئامادەیی بەرزی هێزە چەکدارەکانی جێگیر لە سنووری قەسری شیرین و ناوچەکانی دیکەی کرماشان، ئاسایشی ناوچەکە لە ئاستێکی بەرزدا پارێزراوە.
قەسری شیرین سەر بە پارێزگای کرماشانە و 186 کیلومەتر سنووری لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستانی هەیە. هەردوو دەروازەی سنووریی پەروێزخان و خوسرەوی دەکەونە سنووری ئەو ناوچەیە کە یەکەمیان لەگەڵ هەرێمی کوردستانە و ئەوەی دووەمیشیان هاوسنوورە لەگەڵ ناوچەی مەندەلیی باشووری کوردستان کە ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدایە.