رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین رایگەیاند، ساڵی داهاتوو کۆلێژی پزیشکی گشتی لە زانکۆی سەلاحەدین دەکرێتەوە، کە دەبێتە 17مین کۆلێژی زانکۆکە.
رۆژی دووشەممە، 18ی تشرینی دووەمی 2024، سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای هەوڵدان و ماندووبوونە بەردەوامەکانی پ.ی.د.کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین ئەمڕۆ ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاری دا بە ئامادەکردنی بەرنامەی کردنەوەی کۆلێژی پزیشکی گشتی لە زانکۆی سەلاحەدین."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین گوتی: "هەر ئەمڕۆ بڕیار لەبارەی ئامادەکردنى بەرنامەی کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى گشتی لە زانکۆى سەڵاحەدین - هەولێر بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026درا."
زانکۆی سەلاحەدین لە 16 کۆلێژ پێکدێت. کۆلێژی پزیشکی دەبێتە 17ـەمین کۆلێژی زانکۆکە.
لە ساڵی 2005ـەوە، کۆلێژە پزیشکییەکان، لەوانە (پزیشكی گشتی، دەرمانسازی، ددانسازی) لە زانکۆی سەلاحەدین جیاکرانەوە و کرانە زانکۆیەکی سەربەخۆ بە ناوی زانکۆی پزیشکیی هەولێر.
زانکۆی سەلاحەدین 27 هەزار قوتابی، 2622 مامۆستا و 3500 فەرمانبەری هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ