رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، راستە لە فۆڕمی سەرژمێری خانەی نەتەوە لابراوە، بەڵام بەو پێیەی پرۆسەکە بە کارتی نیشتمانی دەکرێت، بە یەک کلیک دەتوانرێت رێژەی نەتەوەکان لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بزانرێت، بۆیە ئەم سەرژمێرییە بۆ کورد لەو ناوچانە چارەنوسسازە.
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "پارتە سیاسییەکان و میدیا کوردییەکان رۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە هاندانی کورد بۆ گەڕانەوە و خۆ تۆمارکردن لە سەرژمێری لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان."
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە بە تایبەتی سوپاسی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد و گوتی: "لەماوەی 3 مانگی رابردوودا رۆڵێکی گرنگی هەبوو لەم پرسە نیشتمانییە و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەبارەیەوە."
فەهمی بورهان بە گەڕانەوەی کورد بۆ کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان و خۆ تۆمارکردنیان لە سەرژمێری دڵخۆشە و گوتی: "هەرچەندە ئێمە پێمانوابوو وادەی ئەم سەرژمێرییە گونجاو نییە، بەڵام ئێستا کە پرۆسەکە دەکرێت، بوونی کورد لە ناوچە کوردستانییەکان بەها و بایەخێکی زۆری هەیە."
لە فۆرمی سەرژمێریدا خانەی نەتەوە لابراوە، بەڵام فەهمی بورهان پێیوایە، ئەوە هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت و گوتی: "بەو پێیەی سەرژمێرییەکە لە رێگەی کارتی نیشتمانی دەکرێت و لە کارتی نیشتمانیش زانیاریی هەموو کەس تۆمارکراوە بە نەتەوە و ئایینەوە، کەواتە حکومەتی عێراق بە یەک کلیک دەتوانێت رێژەی نەتەوەکان لە سەرژمێریدا بزانێت جا لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان یان لە هەر شوێنێکی دیکەی عێراق."
فەهمی بورهان باسی لە ئاوارەبوونی "بێ شومار"ی کورد کرد لە کەرکووک و "ناوچە کوردستانییە کێشەلەسەرەکان" و نموونەی بەوە هێنایەوە تەنیا لە خانەقین 21 هەزار خێزانی کورد ئاوارە بوون و لە کەرکووکیش لە سەردەمی بەعس 80 هەزار خێزانی کورد راگوێزراون.
فەهمی بورهان دەڵێت: "لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە، لە سەردەمی پاشایەتییەوە تاوەکو ئێستا هیچ 10 ساڵێک نییە کە کورد لە کەرکووک ئاوارە نەکرابێت، هەربۆیە زۆر گرنگە لەم سەرژمێرییەدا بگەڕێنەوە و خۆیان تۆمار بکەن."
بە گوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، 496 هەزار هاونیشتمانیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئێستا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەژین کە 20 هەزاریان تایبەتن بە سنووری قەزای خانەقین و ناوچە کوردستانییەکانی دەورووبەری، لەوانە ناحیەکانی گوڵاڵە، قەرەتەپە، مەندەلی و سەعدیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ