کەشناسی: سبەی نمەباران دەبارێت
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی نمەباران دەبارێت. کەشناسێکیش دەڵێت، شەپۆلەکە پێنجشەممە کۆتایی دێت و لاوازە.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمشەو لە ناوچەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ناوچە شاخاوییەکان، بەتایبەتی ناوچە سنوورییەکان نمەباران و کەمێک بەفر دەبارێت".
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، "نمەباران لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەڵەبجە دەبارێت. هەروەها کاریگەری بە لاوازی لە ناوچە جیاکاندا بەشێوەی نمەبارانی پچرپچر دەمێنێتەوە".
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوی گوت، شەپۆلەکە تاوەکو پێنجشەممە بەلاوازی بەردەوام دەبێت و هەموو ناوچەکان لەکاتی جیادا دەگرێتەوە.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما سێ بۆ چوار پلە دادەبەزێت و بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 19 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 16 پلەی سیلیزی
دهۆک: 17 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 21 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 17 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 16 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 8 پلەی سیلیزی
سۆران: پلەی سیلیزی
گەرمیان: 22 پلەی سیلیزی