پارتی و یەکێتی کەی سەردانی لایەنەکان دەکەن؟
رووداو دیجیتاڵ
راوێژكاری سەرۆكی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە حیزبەکان دەستکراوەن و دەتوانن سەردانی لایەنەکان بکەن، سەرچاوەیەکیش لە پارتی دەڵێت، دوای پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، پارتی سەردانی هەموو لایەنەکان دەکات.
دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، نەوەی نوێ، بەرەی گەل، کۆمەڵەی دادگەری و رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی، تانەیان لە ئەنجامەکە دا و پێیانوابوو ساختەکاری کراوە، بەڵام ئەمڕۆ سەرجەم تانەکان لەلایەن دەستەى دادوەریی هەڵبژاردنەوە رەتکرانەوە.
ئەمڕۆ (دووشەممە، 18 تشرینی دووەمی 2024) سەرچاوەیەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "تائێستا ئەنجامی هەڵبژاردن پەسند نەکراوە، بڕیارە لە دوای 20ـی تشرینی دووەم ئەنجامەکە پەسند بکرێت، دوای ئەوە راستەوخۆ پارتی سەردانی لایەنەکان دەکات."
ئەو سەرچاوەیە گوتی "لە ماوەی رابردوودا پارتی دیموکراتی کوردستان، سەردانی کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانی کردبوو، بەڵام لە دوای پەسندکردنی ئەنجامەکان، پارتی سەردانی هەموو لایەنەکان دەکات."
سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رۆژی 04-11-2024، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، "پارتی ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێك نییە."
بێستوون فایەق، راوێژكاری سەرۆكی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە ئەمڕۆ بەدواوە، حیزبەکان دەستکراوەن بۆ سەردانیکردنی لایەنەکان، بەڵام قەدەخەی هاتووچۆ و پشوو سەردانەکانی یەکێتی دوادەخات، چونکە سەردانی فەرمی، لەکاتی دەوامی فەرمیدا دەکرێت."
ئەندامێکی لیژنەی دانوستاندنی یەکێتی بە رووداوی راگەیاند، "ئێستا خەریکی سەرژمێرین، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تاوەکو دوای پەسندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، قەدەخەی هاتووچۆ و پڕۆسەی سەرژمێری، سەردانی هیچ لایەنێک ناکات."
رۆژی 4-11-2024 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لیژنەی تایبەتی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەم دیاریکرد، کە قوباد تاڵەبانی سەرۆکایەتیی دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەندامانی لیژنەکە پێکهاتوون لە: دەرباز کۆسرەت رەسوول، نزار ئامێدی، رێواس فایەق و رزگار حاجی حەمە.
رۆژی 20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا و 30ـی تشرینى یەکەم، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى هەڵبژاردنەکەی راگەیاند.
بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، گۆڕان 1 کورسی و هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان 1 کورسیان بەدەستهێناوە.
41 تانە پێشکێشی کۆمیسیۆن کراوبوون، زۆرینە (25)ـیان لە سنوورى بازنەى سلێمانى بوون، لە هەولێر 12 تانە، لە دهۆک سێ تانە و لە هەڵەبجەش تەنیا یەک تانە پێشکێش کرابوون، بەڵام سەرجەم تانەکان لەلایان دەستەى دادوەریی هەڵبژاردنەوە رەتکرانەوە.