رووداو دیجیتاڵ
مازن موەفەق، عەرەبە و خەڵکی پارێزگای نەینەوایە، 'بۆ پاراستنی گیانی' ماوەی 23 ساڵە دانیشتووی دهۆکە. لە وەڵامی پرسیاری رووداو سەبارەت بە خواستی بۆ گەڕانەوەی بۆ موسڵ، گوتی "هەرگیز ناگەڕێمەوە."
مازن بە رووداوی گوت وەڵامەکەی پێویستی بە بیرکردنەوە نییە "هەرگیز ناچمەوە. بۆچی پێویست بە بیرکردنەوە ناکات؟ چونکە من (لە دهۆک) بە رێزەوە دەژیم، مرۆڤیش ئەمەی دەوێت. من بازرگانی هێڵی فڕۆکەوانیم، لە بەغدا منیان رفاند و 13 بۆ 14 رۆژ بێسەروشوێن بووم، بەرامبەر پارە ئازاد کرام، ئیدی ژیان لەوێ بۆ من نەما، ئەوەی کۆمکردبووە بە دوو بۆ سێ رۆژ هەموویان لێسەندم."
هاوشێوەی مازن، سەدان خێزانی عەرەب لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا روویان لە دهۆک کردووە و نیشتەجێی ئەو شارە بوون، بەڵام تائێستا ژمارەیان دیار نییە.
بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک، دەڵێ عەرەبی ئاوارەبوو، ئەوانەی بەهۆی شەڕی داعشەوە لە کەمپەکان بوون، لە کەمپ نەماون.
پیر دەییان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک بە رووداوی گوت "ژمارەیەکی دروستی 100٪ـمان نییە، لەبەرئەوەی ئەوانەی وەک ئاوارە لە کەمپەکاندا دەژیان، هەموویان گەڕاونەتەوە ئەوانەی ماونەتەوە وەک فەرمانبەر یان بازرگان کاردەکەن، لەبەرئەوەی خەڵکی عێراقن و ئازادن لە هەرشوێنێک بیانەوێت کاربکەن، ئێستا ژمارەیان لە هەولێریش زۆرە و زۆربەیان لەوێن."
لە 20ـی ئەم مانگەوە سەرژمێریی گشتیی لە سەرانسەری عێراق دەکرێت، پەرلەمانتارێک دەڵێ ئەنجامەکەی نەخشە بودجە و ژمارەی کورسییەکانی هەر پارێزگایەک لە پەرلەمانیش دەگۆڕێت.
جەمال کۆچەر، پەرلەمانتاری عێراق بە رووداوی گوت "ئەم سەرژمێرییە سەنگ و رێژەی هەرێمی کوردستان لە بودجە، یان کورسییەکانی و زۆر شتی دیکەی بەهۆیەوە دەگۆڕدرێت، نازانین بەرەو باشی یان خراپ، بەڵام بۆ نموونە ئەم رێژەیەی ئێستا لە بودجەدا دیاریکراوە، 12.67٪ـە بەپێی پسووڵەی خۆراک."
بەپێی نوێترین ئامار کە وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو پشتڕاستی کردووەتەوە، 707 هەزار ئاوارەی عەرەب لە هەرێمی کوردستان دەژین، بەڵام ژمارەکە بەپێی پارێزگا دیار نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ