رووداو دیجیتاڵ
دەیان کەس لەبەردەم فەرمانگەکانی ئامار و پلاندانانی کەرکووک ناوی خۆیان لە لیستێک تۆمار کرد بۆ ئەوەی وەکو چاودێری پرۆسەی سەرژمێری وەربگیرێن، زۆرینەیان لە نەتەوەی عەرەب بوون و هەندێکیش تورکمان و کەمترینیان کورد.
عەساف حەسەن، مامۆستایە لە کەرکووک و بە رووداوی گوت: "دەڕۆینە ماڵەکان یەک یەک، ناوی خێزانەکان و تاکەکان تۆمار دەکەین."
شەحاد ئەحمەد، فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەیە و لەبارەی خۆتۆمارکردنیان وەکو چاودێر دەڵێت: "چاودێری هەموو شتێکی تایبەت بە سەرژمێری دەکەین."
ئەحمەد عەلی-ش دەرچوویەکی زانکۆیە و ناوی خۆی وەکو چاودێر تۆمار کردووە: "بەبێ ئاگادارکردنەوە هاتووینەتە ئێرە ناومان تۆمار بکەین، بۆ چوارشەممە و پێنجشەممە."
بە فەرمانێک لە وەزارەتی پلاندانی عێراقەوە لیژنەی سەرژمێری ئاگادار کراوەتەوە، پێنج هەزار چاودێر وەربگرن بۆ هەر گەڕەکێک کە لەنەتەوەیەکی دیاریکراون دوو چاودێری نەتەوەی دیکە لەگەڵیان بن.
دوای بڕیارەکە، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک فەرمانی کرد، ئەو پرۆسەیە رابگیرێت و بەرپرسی پلاندانانی پارێزگاکە گوتی: "رایدەگرین."
محەمەد ئایدن، بەرپرسی فەرمانگەی پلاندانانی کەرکووک رایگەیاند: "بۆ وەرگێڕ و چاودێرە، خۆی چاودێری چییە، بۆ نموونە ماڵێکی لەبیر چوو، ئەو پێی بڵێ و بینوسێ، بەڵام ئێستا کاک رێبوار گوتی، 'رای بگرن' تاوەکو ئەوەی رێنمایی نوێ دەردەکرێت."
دوای چەند خولەکێک لە لێدوانی بەڕێوەبەری پلاندانان، بەرپرسی ئامار کە لەگەڵ لە پلاندانان لە هەمان باڵەخانەن و بەیەکەوە سەرپەرشتیی پرۆسەکە دەکەن، گوتی: "فەرمان لەسەرووی خۆمان لە بەغدا وەردەگرین، ناتوانین ئەو رێکارە رابگرین."
مستەفا ئەکرەم، بەڕێوەبەری ئاماری کەرکووک لەوبارەیەوە باس لەوە دەکات کە، "بەپێی رێنماییەکان کە لە بەغداوە یان لایەنە باڵاکان دەردەچن، ئێمە جوڵە دەکەین، ئێمە لایەنی تەکنیکین، پەیوەندیمان بەلایەنی سیاسی نییە، تەنیا مەگەر رێنمایی بێت تایبەت بەمە ئینجا لەسەر رۆشنایی ئەوە ئێمە هەنگاو دەنێین."
بۆ چاودێریی سەرژمێری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، پارتی و یەکێتی و لایەنە کوردییەکان ژووری ئۆپراسیۆنیان دروستکردووە و ئەوان هۆشداری دەدەن لەوەی سەرپێچیی رێنماییەکان دەکرێ.
محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی کەرکووکی پارتی رایگەیاند: "قبوڵ ناکەین لە بژمێرێک کە دەچێتە ماڵان کە چەند خانەوادەیەکی تێدایە بڵێ ناینووسم، ئەو بۆی نییە پرسیار بکات تەنیا بۆی هەیە بینووسێ، نەک بڵێ ئەمە زیادە یان کەمە."
سێ رۆژ بەسەر قۆناغی تۆماری خێزان تێپەڕیوە، هێشتا زۆربەی ماڵەکان تەواو نەبوونە، لە هەندێ گەڕەک و ناوچە بژمێری نەتەوەکانی دیکە خێزانە کوردەکان تۆمار ناکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ