دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی‌ ئۆمه‌ران: لە رۆژانی سه‌رژمێریدا جوڵەی‌‌ بازرگانی ئاساییه‌

رووداو دیجیتاڵ

لە رۆژانی سەرژمێریدا‌ جوڵه‌ی‌ بازرگانی لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی‌ ئۆمه‌ران ئاساییە، بەڵام ''چوونی هاووڵاتییانی كوردستان و عێراق بۆ ئێران قەدەخەیە."
 
ئەمڕۆ (دووشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2024) دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی‌ ئۆمه‌ران لەبارەی جوڵە لە رۆژانی سەرژمێری (20 و 21ـی ئەم مانگە) رایگەیاند "ئاگاداری هه‌موو بازرگانان، كۆمپانیاكان و گه‌شتیاران ده‌كه‌ینه‌وه؛‌ جوڵه‌ی‌ بازرگانی‌ ئاساییه‌ و جوڵه‌ی بازرگانی و هاورده‌ و هه‌نارده‌ی كاڵاكان به‌رده‌وام و ئاسایی ده‌بێت و داناخرێت."
 
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران له‌باره‌ی چوونی هاونیشتمانییانی كوردستان و هاووڵاتییانی عێراقی و بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستانەوە بۆ ئێران، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "دەروازەکە داده‌خرێت و رێگه‌ نادرێت."
 
سەبارەت بە هاتنی هاووڵاتییانی ئێرانی و بیانی له‌ ئێرانه‌وه‌ لە رۆژانی سەرژمێری، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران گوتی "ئەمەش لەو دوو رۆژەدا قەدەخەیە."
 
ژمارەلێدان و گەمارۆسازیی سەرژمێریی گشتیی لە عێراق لە سەرەتای مانگی ئەیلوول دەستیپێکرد، تاوەکو 1ـی تشرینی دووەم بەردەوام بوو. لە هەرێمی کوردستانیش لە 01-10-2024ـەوە دەستیپێکرد.
 
بڕیارە رۆژانی 20 و 21ـی تشرینی دووەم، بۆ یەکەمجار دوای 37 ساڵ، سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان و عێراق پێکەوە بکرێت و تیمەکانی سەرژمێری لەو دوو رۆژەدا سەردانی خێزانەکان دەکەن بۆ تۆمارکردنی زانیارییەکان.