رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری دهۆک بەشداریکردنی هاونیشتمانییان لە سەرژمێریی گشتی بە ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی دەزانێت، دەشڵێت ''پێچەوانەی هەڵبژاردن، سەرژمێری بابەتێکی ئارەزوومەندانە نییە و، پێویستە هەموو کەس تێیدا بەشدار بێت.''
ئەمڕۆ (دووشەممە 18-11-2024) د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی سەرژمێریی گشتییەوە رایگەیاند، ''ئەم سەرژمێرییە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، دەبێ وەکو ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی سەیر بکرێت و هەموومان تێیدا بەشدار بین.''
20 و 21ـی ئەم مانگە، سەرژمێریی گشتیی لە عێراق و باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەوەش هەردوو رۆژەکە لە هەرێمی کوردستان کراوەتە پشووی فەرمی و قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندراوە. عەلی تەتەر گوتی، ''قەدەخەی هاتووچۆ، بۆ ئەوەیە لەکاتی سەردانیکردنی بژمێرەکان لە ماڵەوە بین، نابێت هاتووچۆ بکرێت، مەگەر لەکاتی زۆر پێویستدا.''
پارێزگاری دهۆک جەختی لەوە کردەوە، ''ئەم سەرژمێرییە لە داهاتوودا کاریگەری لەسەر وەرگرتنی ماف، بودجە و پشکی پارێزگاکان لە رێژەی دامەزراندن و کورسیی پەرلەمان دەبێت، ''بە بەشدارینەکردنمان، ستەم لە خەڵکی خۆمان دەکەین و دەبینە هۆکاری پێشێلکردنی مافەکانیان.''
بەگوتەی عەلی تەتەر، ''بەشداریکردن لە سەرژمێری، پێچەوانەی پڕۆسەی هەڵبژاردن، بابەتێکی ئارەزوومەندانە نییە و پێویستە هەموو کەس تێیدا بەشدار بێت.''
سەرژمێریی ساڵی 1957 لە ناوچە کێشەلەسەرەکان دەکرێتە بنەمای ئەم سەرژمێرییە، پارێزگاری دهۆک ئەوەشی خستەڕوو، ''دوای ساڵی 1957گۆڕانکارییەکی زۆر بەسەر دیموگرافیی عێراقدا هاتووە، ئەگەر لەم سەرژمێرییە زانیارییەکان دروست بن، حکومەت دەتوانێت لەسەر بنەمای زانیارییەکان، بەرنامەیەکی رێکوپێک دابڕێژێتەوە، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان زانیاریی دروست بە بژمێرەکان بدەن.''
ژمارەلێدان و گەمارۆسازیی سەرژمێریی گشتیی لە عێراق لە سەرەتای مانگی ئەیلوول دەستیپێکرد و تاوەکو 1ـی تشرینی دووەم بەردەوام بوو. لە هەرێمی کوردستانیش لە 01-10-2024ـەوە دەستیپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ