ئەندامانی ئەنجوومەنی شاری سەردەشت بە زیندانیکردن و لێدانی قامچی سزادران
رووداو دیجیتاڵ
تۆمەتی ئەنجامدانی گەندەڵی بەسەر ئەندامانی ئەنجوومەنی شاری سەردەشت ساخ بووەوە و بە بەندکردن و لێدانی قامچی، سزا دران.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، دادگەی سەردەشت رۆژی یەکشەممە بڕیاری لەسەر دۆسیەی گەندەڵیی ئەندامانی ئەنجوومەنی شاری سەردەشت و چوار کەسی دیکە دا، کە لەو دۆسیەیە تێوەگلابوون.
بەپێی بڕیاری دادگە، ئەمیر مەعرووفی، رامین رەسوولی، مەنسوور مێهری، رێباز حەسەنی و سیروان جەلالی، ئەندامانی ئەم خولەی ئەنجوومەنی شاری سەردەشت و لوقمان رۆستەمی، ئەندامی دەستلەکارکێشاوەی ئەنجوومەنی شارەکە، سزادران بە؛ پێنج ساڵ بەندکردن، گەڕاندنەوەی ئەو پارەیەی وەک بەرتیل وەریانگرتووە، لێدانی 74 قامچی و، بۆ ماوەی سێ ساڵ بێبەشکردن لە مافی سوودمەندبوون لە هەموو خزمەتگوزارییەکی حکومی.
لەو دۆسیەیەدا، سێ کەسی دیکەش سزا دراون؛ یەکێکیان بەتۆمەتی پێدانی بەرتیل و دوو کەسیشیان بەتۆمەتی نێوبژیوانیکردن بۆ پێدان و وەرگرتنی بەرتیل، کە بە شەش مانگ بەندکردن سزادران.
دادگەی سەردەشت رایگەیاندووە، سزادراوان دەتوانن لە ماوەی 20 رۆژدا تانە لە بڕیارەکە بدەن.
پارێزەری یەکێک لە سزادراوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تانە لە بڕیاری دادگە دەدەن و داوا لە دادگەی پێداچوونەوە لە ورمێ دەکەن، بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە.
ئەندامانی ئەنجوومەنی شاری سەردەشت و تۆمەتبارانی دیکەی دۆسیەکە، رۆژی پێنجشەممە 14-11-2024 دادگایی کران.
ئیدارەی ئیتلاعاتی سەردەشت لە 27-04-2024 ئەندامانی ئەنجوومەنی شاری سەردەشت و تۆمەتبارانی دیکەی دەستبەسەرکرد و، بەتۆمەتی وەگرتنی بەرتیل و کاری نایاسایی بە دادگەی ناساندن.
لەو کاتەوە ئەندامانی ئەنجوومەنی شاری سەردەشت دەستبەسەر کراون، دەزگای داد بڕیاری هەڵپەساردنی داون، بەڵام هێشتا پارێزگاری ورمێ هیچ بڕیارێکی لەبارەیان نەداوە، ئەوەش شارەوانیی سەردەشتی بۆ جێبەجێکردنی کاروبار و پڕۆژەکان تووشی کێشە کردووە.