دەم پارتی: هێرشکرایە سەر بارەگاکەمان لە ئیستەنبووڵ
رووداو دیجیتاڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگاکەیان لە ئیستەنبووڵ و دەرگاکەیان شکاندووە.
رۆژی دووشەممە، 18-11-2024، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان- دەم پارتی لە ئێکس بڵاویکردەوە، بەیانیی ئەمڕۆ هێزەکانی تورکیا بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە بە مەبەستی پشکنین هەڵیانکوتاوەتە سەر بینای بارەگاکەیان لە ئەسەنیورتی ئیستەنبووڵ و دەرگەی بارەگاکەیان شکاندووە.
دەم پارتی سەرکۆنەی هەڵکوتانەکەی کرد و نووسی: ''حکومەتی تورکیا بەم هێرشانەی کە مەبەستیەتی تاوان بخاتە پاڵ پارتەکە، تاوانی کردووە''.
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان هەروەها نووسیویەتی: ''خەباتی دیموکراسیمان لە دژی ئەم دەسەڵاتە کە هەژموونی خۆی لە چارەسەرنەکردن و هێرشەکان وەردەگرێت، لە هەموو بوارێکدا بەردەوام دەبێت''.
هەر ئەمڕۆ نووسینگەی لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی تیرۆر سەر بە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ رایگەیاند، ''لە بارەگای ئەسەنیورتی دەم پارتیدا وێنەی رێکخراوەیی تێدابووە و یادی گوڵشەن ئاتاڵمشی تیرۆریستی پەکەکە کە لە ساڵی 1995 کرایە ئامانج، کراوەتەوە''.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دوای بڕیاری داواکاری گشتیی پارێزگاکە، تیمەکانی پۆلیس چوونەتە بارەگاکە و عەبدوڵڵا ئارینان و رۆژدا یڵماز، هاوسەرۆکانی ئەسەنیورتی ریکخستنەکانی دەم پارتییان دەستگیرکردووە.
لە تورکیا و باکووری کوردستان رۆژانە هێزە ئەمنییەکان هەڵدەکوتنە سەر ماڵان و بە تۆمەتی ئەندامێتیی پەکەکە و بانگەشەکردن بۆی، هاووڵاتییانی مەدەنی و چالاکڤانان و سیاسەتڤانانی کورد دەستگیر دەکەن.