رووداو دیجیتاڵ
بڕیاری جیاکردنەوەی قوتابیانی کوڕ و کچی قوتابخانەی شەهید ئەکرەم لە گوندی جمکە لە ئامادەییەوە بۆ دوو قوتابخانەی دواناوەندی، کێشەی نەبوونی مامۆستای دروستکردووە، بۆیە قوتابییە کوڕ و کچەکانی ناچار بە بایکۆتی خوێندن کرد.
یەحیا عەبدولقادر، قوتابییەکی قوتابخانەکەیە و بە رووداوی گوت "پێمان گوتن ئێستا کاتی جیاکردنەوەی قوتابخانە نییە، یان سەرەتای ساڵ، یان ساڵێکی دیکە بتانکردبا، گوتیان نا."
قوتابییەکی دیکە بەناوی پێشکەوت دەڵێ جیاکردنەوەی قوتابخانە "بەم شێوەیە نابێت، ژمارەی مامۆستامان کەم دەکات و مامۆستای تەواومان نییە بۆ وانەکان. هەندێک لە مامۆستاکانیشمان ئاستیان وەک پێویست نییە."
لەبارەی گەڕانەوە بۆ پۆلەکانی خوێندن، قوتابییەک بەناوی ئەنەس مەسعود گوتی "ئامادەنین بگەڕێینەوە پۆلەکان تاوەکو کێشەکەمان چارەسەر نەکرێت، سەرەتا پێیانگوتین مامۆستاتان بۆ دابین دەکەین، کەچی نەیانکرد."
بڕیاری جیاکردنەوەی قوتابییە کوڕ و کچەکانی قوتابخانەی شەهید ئەکرەم لەسەر داوای بەشێکی دایک و باوکان و مەلای هەشت گوندی سنوورەکە بووە، ئێستا بڕیارەکە کێشەی کەمیی مامۆستای بۆ دوو قوتابخانە نوێیەکە دروستکردووە.
شۆخان عەبدولواحید، قوتابیێکی پەچەبەسەری گوندەکەیە و دەڵێ "لیژنەکە هاتن و دەستیان لە سنگی خۆیان دا و گوتیان هەموو مامۆستاکانتان بۆ دابین دەکەین، فەرموو کوا مامۆستاکانتان؟ ئەوە قوتابخانەکەشتان لێکجیاکردەوە."
"ئێمە دژی جیاکردنەوەی قوتابخانە نین، بەڵام دەبووایە بەشێوەیەکی رێکوپێک کارەکەیان کردبا." ئەمەش گوتەی ژیان جەلالە، کە کچە قوتابییەکی دیکەی گونەدەکەیە.
هەر سەبارەت بەو کێشەیە، قوتابییەکی پۆلی 11ـی وێژەیی بەناوی ماریا تەها گوتی، "ئێمە 8 کچ و دوو کوڕین، ئێستا ئەم دوو کوڕە دەبێت بڕۆنە قوتابخانەیەکی دیکە، ئەوە گەیشتینە نیوەی ساڵ و لە قوتابخانەکانی دیکە وەرناگیرێن."
ئەو مەلایەی بە هۆکاری جیاکردنەوەی قوتابییە کوڕ و کچەکان لە گوندەکە ناوی لەپێش هەموو ناوانە، مەلا دیدارە کە لەگەڵ موختار و مەلای 7 گوندی دەشتی شەمامک مانگی 7ـی ئەمساڵ 170 واژۆی بەخێوکەری قوتابییەکانیان بۆ جیاکردنەوەی قوتابییان، رادەستی پەروەردەی دەورووبەری هەولێر کرد.
مەلا دیدار هەرووتی، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی گوندی جمکە بە رووداوی گوت "خەڵک ئامادە نین کچەکانیان بنێرنە قوتابخانەیەکی تێکەڵاو، لەوانەیە لە رووی زانستییەوە کاریگەرییان بکاتەسەر و لە رووی عاشەیەریش بە هەمان شێوە."
مەلا عەلی رەسوول، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی گوندی عەرەب کەندە و دەڵێ "هیوادارین بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت. ئەگەر پێیانوایە بڕیارەکە لەبەرژەوەندیی ئێمەی مامۆستایانی ئایینییە یان کەسانێکی دیکەیە، با پەروەردە بڕیارەکە جێبەجێ نەکات، بەڵام با خۆیان بێن و بڕیاری کۆتایی بدەن."
خەسرۆ و رەشید دوو پیاوی دانیشتووی گوندی جمکەن، هەردووکیان بەهۆی تێکەڵبوونی کوڕ و کچ لە قوتابخانەکە، کچەکانیان لە سەرەتاییترین ماف بێبەشکردووە.
خەسرۆ حەمەد، باوکی قوتابی کچ لە گوندەکە دەڵێ "کچ و نەوەیەکم لە خوێندن دەرهێناوە، چونکە قوتابخانەکە تێکەڵاو بوو و بۆ کچان گونجاو نەبوو."
رەشید ئەنوەر، باوکی قوتابێکی دیکەی کچ کە کچەکەی لە پۆلی 9 بۆ 10 دەرچووە، لە خوێندن دەریهێناوە دەڵێ "چونکە قوتابخانەکە تێکەڵاو بوو، ئەگەر لێکدی جیابکرێنەوە، لەوانەیە دووبارە بینێرمەوە قوتابخانە."
350 قوتابیی کوڕ و کچ لە پۆلەکانی 10 بۆ 12 لە 13 گوندی سنووری دەشتی شەمامک لە قوتابخانەی ئامادەیی شەهید ئەکرەم دەخوێنن، رووداو زانیویەتی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی دەوروبەری هەولێر لە دوای بایکۆتی قوتابیان، لیژنەیەکیان بۆ پێداچوونەوە بە بڕیارەکە پێکهێناوە و بڕیارە سبەی سەردانی قوتابخانەکە بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ