رووداو دیجیتاڵ
خوێندکارانی دەرچووی زانکۆی جیهان دەرفەتی کارکردن لە بەردەمیان زیاترە، کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتیش سەردانی زانکۆکە دەکەن تاوەکو لەڕێگەی وەرگرتنی سیڤییەوە هەلی کار بۆ قوتابییان و دەرچووانی برەخسێنن.
عومەر محەممەد لەگەڵ هاوڕێکانی چووەتە پێشانگەیەکی تایبەت بە هەلی کار لە زانکۆی جیهان - هەولێر، ئەو دەرچووی زانکۆیە لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و رۆیشتووە لەوێ لای کۆمپانیاکان کاری دەست بکەوێت.
عومەر محەممەد، دەرچووی زانکۆیە بە رووداوی گوت: "لە 2023ـەوە زانکۆم تەواو کردووە، تاوەکو ئێستا لە هیچ جێگایەک بە فەرمی دەوامم نەکردووە، ئامانجی من ئەوەبوو کە لە بەشی پڕۆتۆکۆڵ و ناوەندە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کار بکەم بەڵام تائێستا نەگونجاوە بۆیە هاتووم کاری دیکە بدۆزمەوە".
زیاتر لە 100 کۆمپانیای کەرتی تایبەت دەیانەوێ لە زانکۆی جیهان لەڕێگەی وەرگرتنی سیڤییەوە هەلی کار بۆ قوتابییان و دەرچووانی زانکۆی جیهان و زانکۆ و پەیمانگاکانی دیکە برەخسێنن.
ئایە قەیسەر کەمتر لە پێنج مانگە لە زانکۆی جیهان - هەولێر، بەشی بایۆمیدیکاڵی تەواو کردووە، ئێستا یەکێکە لەو دەرچووانەی کە هەرزوو کاری دەست کەوتووە و دەڵێت: "ساڵی 2024 لە زانکۆ دەرچووم، بەهۆی باشی ئاستی خۆمەوە هەر زوو زانکۆ منیان هەڵبژارد تا ببمە یاریدەدەر لە زانکۆ، هەروەها هاوڕێکانی دیکەشم زۆربەیان کاریان دۆزیوەتەوە".
ئەو قوتابییانەی دیکەی زانکۆی جیهان - هەولێریش کە هێشتا زانکۆیان تەواو نەکردووە دەڵێن، دڵنیان لەوەی "زۆر بەزوویی دەکەونە سەر کار."
هێڤی موحسین، قوتابی زانکۆی جیهانە و باس لەوە دەکات: "قوتابی قۆناخی دووەمی میدیکاڵ مایکرۆبایلۆجیم، بە دڵنیاییەوە چانسی زۆرمان هەیە کە لە تاقیگەکان کار بکەین، یان بێینەوە لێرە بخوێنین یان بچین لە قوتابخانەکان ببینە مامۆستا".
بەرپرسانی زانکۆی جیهان دەڵێن، هەوڵیان بۆ ئەوەیە ئەو کۆلێژ و بەشانە لە زانکۆکە بکەنەوە کە خواستی بازاڕی لەسەرە تاوەکو دەرچووەکان زوو کاریان دەستبکەوێت.
دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر، سەرۆکی دەستەی ئەمینداریێتیی زانکۆکانی جیهان بە رووداوی راگەیاند: "زەمانی کارە ئێستا و زەمانی تەکنەلۆجیای تازەیە، زەمانی ئەوەیە کە قوتابی فێر بکرێت چۆن بکات، نەک چۆن دەکرێت، ئێمە لە زانکۆی جیهان قوتابی فێر دەکەین کە چۆن بکات".
هەروەها دکتۆر ئەمجەد سابیر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان - هەولێر بە رووداوی گوت: "ئێمە 14 هەزار دەرچوومان هەیە، ئێمە داتایبەسێکی تایبەتمان هەیە بەوان تائێستا ٪83ی دەرچووەکان کاریان دەستکەوتووە، هەروەها بەشێکیشیان پڕۆژەیان دەستنەکەوتووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ