لە کەلار تایەی بارهەڵگرێک بە کرێکارێکدا تەقیەوە و گیانی لەدەستدا
هەولێر دیجیتاڵ
پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، "لە پیشەسازیی قەزای کەلار، تایەی بارهەڵگرێک بە کرێکارێکی رۆنگۆڕدا تەقیەوە و گیانی لەدەستدا."
ئەمڕۆ (دووشەممە، 18-11-2024) عەلی جەمال، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لەبارەی رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ناوچەی پیشەسازی قەزای کەلار روویداوە."
بەگوتەی عەلی جەمال، "رووداوەکە لە کاتێ گۆڕین و پەنچەری تایەی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر روویداوە، کە تایەکەی بە کرێکاری دووکانەکەدا تەقیوەتەوە."
ئەو کرێکارەی گیانی لەدەستداوە ناو ئالان ئەحمەد کەریمە، لەدایکبووی ساڵی 2003ـیە و دانیشتووی گەڕەکی کەلاری کۆن بووە.
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان هەروەها گوتی، "ئێستا تەرمی ئالان رەوانەی دادپزیشکی قەزای کەلار کراوە؛ شۆفێری بارهەڵگرەکە و خاوەنی دووکانەکەش بە بڕیاری دادوەر، بەپێی مادەی 411 دەستبەسەرکراون."
مادەی 411 لە یاسای سزادانی عێراقی تایبەتە بە خەمساردی و کوشتنی بەهەڵە. بەپێی ئەو مادەیە، هەرکەسێک ببێتە هۆی گیانلەدەستدانی کەسێکی دیکە بەهۆی خەمساردی (ئیهمالی) بە زیندانیکردن یان سزای دارایی، یان بە هەردووکیان سزادەدرێت؛ بەمەرجێک زیندانیکردنەکەی لە ساڵێک کەمتر نەبێت و سزا داراییەکەشی لە 500 هەزار دینار زیاتر نەبێت.