لە کەرکووک رۆژێک پشووی فەرمی رادەگەیێنرێت

18-11-2024
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
نیشانەکردن سەرژمێری 2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بە بڕیاری پارێزگاری کەرکووک رۆژی سێشەممە، 19-11-2024 لە سەرجەم دامودەزگە و فەرمانگە و ناوەندەکانی خوێندن پشووی فەرمییە و نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگای کەرکووکیش دەڵێت: "بە ئامانجی زەمینە سازییە بۆ سەرکەوتنی سەرژمێری."
 
رۆژی دووشەممە، 18-11-2024 لە راگەیێندراوێکدا نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری کەرکووک بڵاویکردووەتەوە و باس لەوە دەکات کە: رێبوار تەها مستەفا، پارێزگاری کەرکووک و سەرۆکی لیژنەی ناوەندی بۆ سەرژمێریی گشتی، "بڕیاریدا بە راگرتنی دەوامی فەرمی لە سەرجەم فەرمانگەکان لە سەرتاسەریی پارێزگای کەرکووک و سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە و خوێندنگەکان لە رۆژی سێشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2024."
 
20 و 21ـی ئەم مانگە، سەرژمێریی گشتیی لە عێراق و باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.
 
لەبارەی هۆکاری پشووەکەی سبەی، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بە ئامانجی زەمینە سازكردن بۆ سەرکەوتنی هەوڵەکانی سەرژمێری دانیشتوانی گشتی."
 
نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری کەرکووک مەری بۆ فەرمانگەی خزمەتگوزاری لە شارەوانی، شارەوانییەكان، ئاو، ئاوەڕۆ، تەندروستی و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان داناوە و دەڵێت، پێویستە "کارەکانیان رێکبخەن بۆ ئەوەی سبەی ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن."
 
رۆژانی 20 و 21ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە سەرتاسەریی عێراق و هەرێمی کوردستان قەدەخەی هاتووچۆیە. بەگوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی قەدەخەی هاتووچۆدا، "جوڵەی هاونیشتمانییان و ئۆتۆمبێل سنووردار دەکرێت (لە نێوان پارێزگاکان، قەزاکان و ناحیەکان و لە نێوان شارنشین و گوندنشین، یاخود لە نێوان ناحیە و قەزا و بە پێچەوانەوە)، جگە لە حاڵەتە مرۆیی و زۆر پێویستەکان و بارودۆخی سروشتی و ئەمنی".
 
پێشتر وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە رۆژی 11-11-2024  رێنوێنییەکانی تایبەت بە قەدەخەى هاتووچۆ لە رۆژی سەرژمێری بڵاوکردەوە.
 
رێبوار تەها داوا لە هاونیشتمانییان و خوێندکاران دەکات کە هاوکار و پاڵپشتی هەوڵەکانی توێژەران و بژمێرەکان بکەن بۆ کارکردن  لەسەر سەرژمێریی گشتی.
 
لایەنە کوردستانییەکانی کەرکووک داوا لە هاونیشتمانییان دەکەن لە رۆژانی سەرژمێری بگەڕێنەوە کەرکووک و بەشداری لە پرۆسەکە بکەن.
 
لە ئەگەری نەگەڕانەوەی ئەو هاونیشتمانییانەی خەڵکی پارێزگاکەن و لە دەرەوەی سنووری کەرکووک دەژین، کاکەڕەش سدیق، بەرپرسی ئۆفیسی کەرکووکی مادەی 140 بە رووداوی گوت: ئەو کەسانەی لە سەرژمێری ناگەڕێنەوە و خۆیان لە کەرکووک تۆمار نەکەن، سەرجەم مافەکانیان لەو شارە لەدەستدەدەن." 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە