مەڵبەندی یەکێتی لە خانەقین: شوێن بۆ ئەو کەسانە دابین دەکرێت کە بۆ سەرژمێری دەگەڕێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە خانەقین دەڵێت، تائێستا پڕۆسەی سەرژمێری لە سنوورەکە بە باشی بەڕێوەدەچێت. دەشڵێت، شوێنی مانەوە بۆ ئەو خێزانانە دابین دەکەن کە 20 و 21ـی مانگ دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
رۆژی دووشەممە، 18-11-2024، شێرکۆ میروەیس، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خانەقین، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پیشکێشیکرد، رایگەیاند، بۆ بەشداریکردن لە پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی، ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان کە پێشتر زێدی خۆیان جێهێشتبوو، گەڕاونەتەوە خانەقین و دەوروبەری.
شێرکۆ میروەیس گوتی، تاوەکو ئێستا پڕۆسەکە بە باشی بەڕێوەدەچێت، ''لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە تیمەکانی سەرژمێری بابەتەکە بەرەو شتی لاوەکی دەبەن و دەیانەوێت کێشە بۆ کەسوکارمان دروست بکەن.''
بەگوتەی بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە خانەقین، تیمەکانی سەرژمێریی گشتی، زیاتر لە ناوەندی شار کارەکانیان رایی دەکەن، ''لەکاتێکدا پێویستە سەردانی گوندەکانیش بکەن؛ لە 10 تاوەکو 12 گوندی سنووری جەبارە، گوندی نارین، هەروەها قەرەتەپە، تیمەکان وەکو پێویست هاوئاهەنگییان نەکردووە.''
شێرکۆ میروەیس ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵن، بۆ ئەوەی کە کارئاسانی بکرێت و هیچ کێشەیەک بۆ پڕۆسەکە دروست نەکرێت.
شێرکۆ میروەیس گوتی: ''بە هەموو لایەنە سیاسییەکان، لە بارەگاکانمان پێشوازیی لەو هاونیشتمانییانە دەکەین کە لە بەغدا، سلێمانی، هەولێر و شارەکانی دیکەوە دەگەڕێنەوە خانەقین، بۆ ئەوەی ناوی ئەندامانی خێزانیان تۆمار بکەن؛ ئێمە ئەوپەڕی کارئاسانییان بۆ دەکەین.''
20 و 21ـی ئەم مانگە، سەرژمێریی گشتیی لە عێراق و باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت، بەرپرسی مەڵبەندنی یەکێتی لە خانەقین گوتی، ''بێگومان لەم دوو رۆژەشدا کە خێزانەکان دەگەڕێنەوە خانەقین و دەوروبەری، شوێنیان بۆ دابین دەکەین، وەکو هەمیشە ماڵ بە ماڵ دەرگەکان بۆ پێشوازیی لە هاونیشتمانییان کراوە دەبێت''.
وەک شێرکۆ میروەیس دەڵێت، لە سنووری خانەقین و دەوروبەری، بەهۆی دۆخی ئەمنی و مەترسییەکانی داعش، نزیکەی 25 بۆ 30 گوندی کورد چۆڵ کراون، ''بەڵام بە خۆشحاڵییەوە هاونیشتمانییان کاتی هەڵبژاردنەکان گەڕاونەتەوە و وەکو ئێستا کە ناوی خۆیان تۆمار دەکەن، بەشداریی کارایان هەبووە.''
بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە خانەقین لەبارەی عەرەبی هاوردە گوتی: ''بەشێکی زۆر لە خێزانەکان گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان، بۆ ئەوەی لەوێ ناوی خۆیان تۆمار بکەن.''
شێرکۆ میروەیس هۆکاری گەڕانەوەی عەرەبی هاوردە بۆ شوێنەکانی خۆیان لە کاتی سەرژمێریدا بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ''رێژەی دانیشتووانیان بە جۆرێک بەرز ببێتەوە لە داهاتوودا بتوانن ناحیەکانیان بکەن بە قەزا و بە زۆرترین رێژەش لەو خزمەتگوزارییانەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە تایبەت دەکرێن بە پارێزگاکان و بەسەر ناحیە و قەزاکاندا دابەش دەکرێن، سوودمەندبن؛ بۆیە هەڵمەتێکی گەورە لەلایەن شیعەکان و سوننەکان هەیە بۆ ئەوەی ژمارەیەکی باشی دانیشتووان لە سنوورەکانی خۆیان تۆمار بکەن.''
بە گوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، 496 هەزار هاونیشتمانیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئێستا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەژین کە 20 هەزاریان تایبەتن بە سنووری قەزای خانەقین و ناوچە کوردستانییەکانی دەورووبەری، لەوانە ناحیەکانی گوڵاڵە، قەرەتەپە، مەندەلی و سەعدیە.