رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیارێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان، ئەو فەرمانبەرانەی پێش ساڵی 2020 فەسڵ کراون و تەمەنیان لە سەرووی 50 ساڵە، دەتوانن مامەڵەی خانەنشینی بکەن. یەکێتیی خانەنشینانی کوردستانیش دەڵێت، "ئەوانەی نەخۆشیی سەخت و درێژخایەنیشیان هەیە، دەتوانن ئارەزوومەندانە خۆیان خانەنشین بکەن."
بەپێی گشتاندنێکی بەڕێوەبەری خانەنشینی سلێمانی، کە ئاراستەی پارێزگاری سلێمانی کراوە، هەر فەرمانبەرێک داوای خانەنشینبوون دەکات، دەبێت تەمەنی لە 50 ساڵ زیاتر بێت و خزمەتی راژەی 15 ساڵ بێت. ئەوانەشی تەمەنیان لە 45 ساڵ زیاترە، دەبێت راژەی خزمەتیان 25 ساڵ بێت.
گشتاندنەکە واژۆی ژیان سابر، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی سلێمانیی لەسەرە و لە 17-11-2024 دەرکراوە، ئەو فەرمانبەرانەی لەپێش 01-01-2020 فەسڵ کراون یان دەستیان لەکارکێشاوەتەوە و تەمەنیان لە سەرووی 50 ساڵە و 20 ساڵ خزمەتیان هەیە، دەتوانن خانەنشین ببن.
هەروەها ئەوانەشی لە پێش هەمان رێکەوت فەسڵ کراون یان دەستیان لەکار کێشاوەتەوە و تەمەنیان لە سەرووی 45 ساڵە و 25 ساڵ خزمەتیان هەیە، بە هەمان شێوە دەتوانن مامەڵەی خانەنشینبوون بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 18-11-2024 سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو بڕیارە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان دەرچووە و هەموو پارێزگاکان دەگرێتەوە.
ئەو فەرمانبەر و پێشمەرگانەی کە نەخۆشی درێژخایەن یان نەخۆشییەکی سەختیان هەیە، بە گوتەی سادق عوسمان، "بە شێوەی ئارەزوومەندانە دەتوانن مامەڵەی خانەنشین بوون بکەن."
خانەنیشنکردنەکان بەپێی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014 دەبێت.
دەقی یاساکە:
مادەی 10: خانەنشینکردن/ فەرمانبەر لەم دوو حاڵەتەی خوارەوە خانەنشین دەکرێت:
یەکەم: ئەگەر فەرمانبەر تەمەنی 63 ساڵی تەواو کردبێت کە تەمەنی یاساییە بۆ خانەنشینکردن، بەبێ رەچاوکردنی ساڵەکانی خزمەت خانەنشین دەکرێت.
دووەم: ئەگەر لێژنەی پزیشکی بڕیاری نەتوانین (عدم صلاحیە) بدەن بۆ خزمەتکردن.
مادەی 12: فەرمانبەر دەتوانێت داوای خانەنشینی بکات بە مەرجێک تەمەنی لە 50 ساڵ کەمتر نەبێت و ساڵەکانی خزمەتی لە 25 ساڵ کەمتر نەبێت.
مادەی 13: هیچ یەکێک لە لابردن، وازهێنان، دەستلەکارکێشانەوە یان فەسڵکردن، نابێتە رێگر لە شایستەبوون بۆ مافی خانەنشینی.
مادەی 25: ئەگەر فەرمانبەر لە کاتی خزمەت یان خانەنشینی دا مرد، نەوەکانی بۆیان هەیە داوای مافی خانەنشینیی بکەن.
مادەی 31: ئەگەر فەرمانبەری خانەنشینکراو، بڕیاری لەسێدارەدان یان بەندکردنی بۆ دەربچێت، یان تاوانبار کرابێت بە تێکدانی ئاسایشی وڵات و کردەوەی تیرۆریستی، بێبەش دەکرێت لە هەموو شایستەکانی خانەنشینی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ