سەرجەم تانەکانی دژ بە ئەنجامى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان رەتکرانەوە
رووداو دیجیتاڵ
دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن وەڵامى سەرجەم تانەکانى لەبارەى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دایەوە و رەتیکردنەوە.
نووسراوى وەڵامى تانەکان لە 18ى تشرینى دووەم لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیارانەوە دەرکراوە و تیایدا ئاماژە بەوە دراوە کە وەڵامى سەرجەم تانەکان لەلایەن دەستەى دادوەریی هەڵبژاردنەوە دراونەتەوە.
جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "سەرجەم تانەکان رەتکراونەتەوە".
41 تانە لەبارەى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پێشکێش بە کۆمیسیۆن کرابوون کە 30ى تشرینى یەکەم راگەیێندرا.
زۆرینەى ئەو تانانەى پێشکێش بە کۆمیسیۆن کراون، لە سنوورى بازنەى سلێمانى بوون کە 25 تانە بوون؛ لە هەولێر 12 تانە، لە دهۆک 3 تانە و لە هەڵەبجەش تەنیا یەک تانە پێشکێش کراوە.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "دوایین قۆناخ پەسندکردنى ئەنجامەکانە لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیارانەوە لە دواى گەڕانەوەى وەڵامى تانەکان".
هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 20ى تشرینى یەکەم بەڕێوەچوو. پارتى لە ریزبەندى یەکەم بوو بە بەدەستهێنانى 39 کورسی و یەکێتى بە 23 کورسی لە ریزبەندى دووەم بوو.