میحوەری 6ی پێشمەرگە: جووڵەی داعش لە ناوچەکەدا دەبیندرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرپەرشتیاری میحوەری 6ی پێشمەرگە دەڵێت، هێشتا جووڵەی چەکدارانی داعش بە شێوەی هێزی بچووک بچووک دەبیندرێت. ئاماژە بەوەش دەکات، "پێویستمان بە هاوکاریی زیاتری هێزەکانی هاوپەیمانانە."
 
ئەمڕۆ دووشەممە 18-11-2024 سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور - گوێڕی پێشمەرگە بەبۆنەی گەیشتنی هاوکاریی رێکخراوی رۆحی ئەمریکی بۆ میحوەری 5 و 6ی پێشمەرگە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئێمە وەکو هێزی پێشمەرگە و گەلی کوردستان، لە ناخی دڵەوە سوپاسی هاوکارییەکانی ئەمریکا دەکەین."
 
سیروان بارزانی گوتی، هاوکاریی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی ئەمریکا لە ساڵی 1991وە پاڵپشتییەکی باش بووە بۆ هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، ئەوان "تاوەکو ئێستا درێخییان نەکردووە، بەڵام وەکو هێزی پێشمەرگە بەردەوام پێویستیمان بە هاوکاریی زیاتری هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە."
 
وەکو سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور - گوێڕی پێشمەرگە گوتی، جووڵەی داعش لە ناوچەکە هەیە و گوتی، "راستە ئەو هێزەی پێشوویان نەماوە و وەکو جاران شوێنیان بە دەستەوە نییە، بەڵام هێشتا هێزی بچووک بچووکیان ماوە و لە دەرفەتێک دەگەڕێن بۆ ئەوەی زەبرێک بووەشێنن و خەڵکی سڤیل، پێشمەرگە یان هێزەکانی ئەمنیی عێراق شەهید بکەن."
 
سیروان بارزانی لەبارەی مانەوەی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و عێراق گوتی، "پێویستییەکی زۆرمان بە بوونی هێزەکانی هاوپەیمان هەیە. پێمان باشە لە ژێر هەر ناوێک بێت، راوێژکار یان هێزی شەڕکەر، لێرە بمێننەوە."
 
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا، لیوا روکن هۆشمەند وەک نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی سەبارەت بە پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دایەوە و گوتی، "پڕۆسەکە بەردەوامە. ئێستا فیرقەی پێنج و شەشیش لە بەرنامەی کاردایە، واتە لە ساڵی رابردووەوە، شەش فیرقە رێکخراونەتەوە و خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە."
 
وەکو پشتیوانییەک بۆ پێشمەرگە و یەکخستنەوەی یەکجاریی هێزەکانی پێشمەرگە، هاوپەیمانان مانگانە نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار دەدەنە وەزارەتی پێشمەرگە. لیوا روکن هۆشمەند ئەوەشی خستەڕوو، ''تاوەکو ساڵی 2026 هیچ هێزێک لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە نامێنێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک و گەنجێک لە کەرکووک کە فۆڕمێکی تایبەت پڕدەکاتەوە بۆئەوەی ببێتە چاودێر

پارێزگاری کەرکووک بۆ سەرژمێری هەبوونی چاودێری لەگەڵ بژمێرەکان راگرت

بڕیاربوو بۆ سەرژمێری لە کەرکووک دوو چاودێر بۆ هەر تیمێک لە نەتەوە جیاکان دابنرێت، ئەوەش ناڕەزایی بەشێکی هاونیشتمانیانی لێکەوتەوە. دوای ئاگادارکردنەوەی پارێزگاری کەرکووک، رێبوار تەها فەرمانی کرد، تۆمارکردنی چاودێر رابگیرێت