رووداو دیجیتاڵ
یەکلاییکردنەوەى زیاتر لە 7000 دامەزراندن لە کەرکووک ماوە. بە گوتەى ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگا، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ رادەگەیێندرێن.
پەروین فاتیح، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، 7305 پلەى وەزیفى لە پشکى دامەزراندنى کەرکووک تاوەکو کۆتایی ساڵ رادەگەیێندرێت.
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتى عێراق، 150 هەزار کەس لە سەرانسەرى عێراق بە گرێبەست دادەمەزرێندرێن؛ پشکى کەرکووک لەو دامەزراندنە 7305 کەسە.
پەروین فاتیح ئاماژەى بەوە دا، پشکى کەسوکارى شەهیدان 15%ى دامەزراندنەکان دەبێت بە کەسوکارى شەهیدانى پێشمەرگەشەوە و 5%ى بۆ خاوەن پێداویستیی تایبەت دەبێت.
زۆربەى پارێزگاکانى عێراق دواى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی، پشکەکانیان لە دامەزراندن راگەیاندووە، بەڵام بەهۆى دواکەوتنى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی لە کەرکووک ئەو دامەزراندانە دواکەوتووە.
ئەندامەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک رایگەیاند، دوو پرسی ماون یەکلایی بکرێنەوە. یەکێکیان دامەزراندنى مامۆستایانى خۆبەخشى وانەبێژە کە ئەو دامەزراندانە نایانگرێتەوە و ئێستا لە هەوڵدان جێگەی بکەنەوە؛ دووەمیان پشکى پێکهاتەکانى شارەکەیە کە تاوەکو ئێستا ئەویش ماوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ