پارێزگاری کەرکووک بۆ سەرژمێری هەبوونی چاودێری لەگەڵ بژمێرەکان راگرت
رووداو دیجیتاڵ
بڕیاربوو بۆ سەرژمێری لە کەرکووک دوو چاودێر بۆ هەر تیمێک لە نەتەوە جیاکان دابنرێت، ئەوەش ناڕەزایی بەشێکی هاونیشتمانیانی لێکەوتەوە. دوای ئاگادارکردنەوەی پارێزگاری کەرکووک، رێبوار تەها فەرمانی کرد، تۆمارکردنی چاودێر رابگیرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە گەڕەکە کوردنشینەکان کە زۆرینەی بژمێرەکانی کوردن، بڕیار بووە دوو چاودێر لە نەتەوەکانی عەرەب و تورکمان لەگەڵیان بن؛ بۆ گەڕەکەکانی دیکەش بە هەمان شێوە، بۆ نموونە، گەڕەکی زۆرینە تورکماننشین دوو چاودێری کورد و عەرەبیان لەگەڵ بێت.
محەممەد ئایدن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پلاندانانی کەرکووک کە سەرپەرشتی سەرژمێرییەکە دەکەن، ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، چاودێرەکان بۆ هاوکاری بژمێرەکان لەگەڵیاندا دەبن، بەتایبەت لەو گەڕەکانەی بژمێرەکان لە نەتەوەیەکن و دانیشتووانەکە نەتەوەیەکی دیکە، ئەوەش بۆ ئەوەی بەهۆی نەزانینی زمانەوە کێشەیان بۆ دروست نەبێت.