دامەزرێنەری کوردیپێدیا: ئێمە زانیاری نافرۆشین
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی کوردیپێدیا 16 ساڵە مێژووی کورد و رووداوەکانی کوردستان و هەموو زانیارییەک کۆدەکاتەوە و ئەرشیڤی دەکات. دامەزرێنەری رێکخراوەکە دەڵێت: "ئامانجمان پاراستنی ئەرشیڤ و زانیارییەکانی کورد و کوردستانە"، ئەوەش دەخاتەڕوو "زۆرجار هەوڵی هاککردنی کوردیپێدیا دەدرێت".
کوردیپێدیا، وەکو خۆیان پێناسی خۆیان کردووە "پڕۆژەیەکە بۆ کۆکردنەوەی هەر زانیارییەکی پەیوەست بە کوردستان و کورد و بەهیوایە لە پاشەڕۆژدا ببێتە پڕ زانیاریترین سەرچاوەی کوردی و بەهۆیەوە بەئاسانی بزانرێت: کێ، کێیە؟! کوێ، کوێیە؟! چی، چییە؟"، رێکخراوەکە لە ساڵی 2008ـەوە بە فەرمی لەلایەن هاوڕێ باخەوان، نووسەر و لێکۆڵەری کورد دامەزراوە، بەڵام وەکو خۆی ئاماژەی بۆ دەکات "لە ساڵی 2005ـەوە داتا کۆدەکەمەوە و کار بۆ کوردیپێدیا دەکەم".
هاوڕێ باخەوان، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال روونیکردەوە "پەیامی ئێمە تەنیا ئەرشیڤکردنی ئەو بابەتانەیە، کە پەیوەستن بە کوردستان و کورد، بۆ ئەوەی بیانپارێزین لە لەناوچوون و بۆ نەوەکانمان بمێننەوە".
ئێستا لە نێو کوردیپێدیا 27 کەس وەکو کۆکەرەوەی زانیاری کار دەکەن، هاوکاری رێکخراوەکەن و داتاکان تۆماردەکەن، زریان سەرچناری، یەکێکە لە کۆکەرەوەکانی کوردیپێدیا کە زۆرترین داتای لە کوردیپێدیا دابەزاندووە کە بریتییە لە 187 هەزار و 510 داتا.
کوردیپێدیا نووسینگەی نییە، بەڵکو سەرجەم کۆکەرەوەکان لە ماڵەوە کاردەکەن و ئەو داتا و زانیارییانە تۆمار دەکەن، کە پەیوەیستن بە کورد و کوردستان. ماڵپەڕی کوردیپێدیا جگە لەوەی بە شێوەزارەکانی ( کوردیی ناوەڕاست، کرمانجی – لاتینی، کرمانجی، هەورامی، لوڕی و لەکی) بابەت بڵاودەکاتەوە، هاوکات بە 37 زمانی دیکە، بابەت لەبارەی کورد و کوردستان بڵاودەکاتەوە و زانیارییەکان هەڵدەگرێت.
سارا سەردار، یەکێک لە کۆکەرەوەکانی کوردیپێدیایە، بەشداریی لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال کرد، روونیکردەوە "بابەتەکانی کوردیپێدیا رۆژانە نوێ دەبنەوە، بە شێوازی جیاواز دەکەونە بەردەستمان، بۆ نموونە زیاتر لە 20 هەزار کتێبمان بە شێوەی PDF لە کوردیپێدیا داناوە، کەسانێک هەن خۆیان بابەتەکانیان دەنێرن، یان لە دەزگا میدیاییەکان وەریان دەگرین".
گوتیشی "کەسانێکمان لەگەڵدان رۆژانە بابەتەکانی کۆمەڵگەی کوردستان تۆمار دەکەن و دەیاننووسنەوە، بۆئەوەی ببنە بەشێک لە مێژوو لەنێو کوردیپێدیا".
کوردیپێدیا زانیارییەکان لەبارەی رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان تۆمار دەکات. تاوەکو ئێستا 526 هەزار و 291 بابەت، 111 هەزار و 727 وێنە، 20 هەزار و 470 پەرتووک، 106 هەزار و 326 فایلی پەیوەندیدار، هەزار و 588 ڤیدیۆ لە ماڵپەڕی کوردیپێدیا دانراون.
کوردیپێدیا چەند بەشێک لەخۆ دەگرێت، بۆنموونە ژیاننامەی 26 هەزار و 556 کەس دانراوە، 14 هەزار و 958 رێککەوت و رووداو تۆمارکراون، چوار هەزار و 627 ئامار و راپرسی تۆمارکراون. تەنانەت بەشێک هەیە بۆ گەڕان بەدوای ناوی کوردی.
هەموو کەسێک دەتوانێت ببێتە هاوکار لە کوردیپێدیا و هەر کەسێکیش کتێب یان زانیاری یان فایلێکی پەیوەست بە کورد و کوردستانی هەبێت، دەتوانێت لە کوردیپێدیا تۆماری بکات.
هاوڕێ باخەوان گوتی: "لەژێر ناوی هەموو کارمەندانی کوردیپێدیا، ئیمەیڵ و واتسئەپ تۆمار کراوە، هاونیشتمانییان دەتوانن کتێب و بابەت و زانیارییەکانیان بنێرن، تاوەکو ئەرشیڤی بکەین، پەیوەندیکردن بە کوردیپێدیا ئاسانە".
لەبارەی بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان لە کوردیپێدیاوە، هاوڕێ باخەوان گوتی "زانیاری شتێکی بەهادارە، گرانترین شت لە مێژووی مرۆڤایەتی زانیارییە، بەڵام ئێمە لە کوردیپێدیا زانیاری نافرۆشین".
کوردیپێدیا لە ئێران و تورکیا فلتەر کراوە و بەکارنایەت، لەبارەی هۆکارەکەی، هاوڕێ باخەوان گوتی: "چەند ساڵێکە فلتەرەکە هەیە، بگرە هەوڵی هاککردنی کوردیپێدیاش دەدەن، چونکە وەکو سامانێکی نەتەوەیی لێی دەڕوانرێت، ئەگەر فلتەرشکێنێکی زۆر بەهێز نەبێت، لە باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان ناکرێتەوە".
بەشێکی گرنگی ماڵپەڕی کوردیپێدیا، کتێبخانەیە، لەو بەشەدا ناوی 25 هەزار و 923 کتێب تۆمارکراوە و فایلی پی دی ئێفی 20 هەزار و 470 کتێبیش بۆ خوێنەران بەردەستە.
هاوڕێ باخەوان روونیدەکاتەوە "کتێبخانەی کوردیپێدیا، یەکەم کتێبخانەی دیجیتاڵییە لە رووی زۆری زمان و بابەت و پۆلێنکردنەوە، بەڵام بۆ دۆزینەوەی کتێبەکان، رێنووس دەبێتە کێشە، چونکە هەر میدیا و رۆژنامەیەک بە جۆرێک وشە دەنووسن و زمانێکی یەکگرتوومان نییە، بۆیە گەڕان لە کوردیپێدیا تا رادەیەک کێشەیە و دەکرێت ئەو وشەیەی بۆی دەگەڕێن، بە چەند شێوازێک بینووسن، تاوەکو دەیدۆزنەوە".