وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان: ساڵی داهاتوو عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەردەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاری داوە ئەم ساڵ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران 50% کەم بکاتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، "هەرێمی کوردستان زیانمەندی یەکەمی ئەو بڕیارە دەبێت" و ئاماژە بەوەش دەکات، "وەکو پلانی جێگرەوە، دوو کۆمپانیای کەرتی تایبەت گەنمی جووتیارانمان دەکڕن."
بەگوێرەی پلانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەم ساڵ پلانی چاندن، وەرگرتن و بەبازاڕکردنی گەنم 50% کەمکراوەتەوە، بەو پێیە بێت نیوەی ساڵی رابردوو گەنمی جووتیاران دەکڕدرێت. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کەمکردنەوەکە پەیوەندیی بە گۆڕانی کەشوهەوا، نەبوونی شوێن لە سایلۆ، کەمیی بودجە و یەدەگی گەنمەوە هەیە.
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) رایگەیاند، "یەکەم ناوچە کە بەهۆی بڕیارەکەی عێراقەوە زیانی بەردەکەوێت، هەرێمی کوردستانە، چونکە راستە ئاماژەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق دیارن، بەڵام لە خراپترین دۆخدا هەرێمی کوردستان سەروو ملیۆنێک تۆن گەنم بەرهەم دەهێنێت، چونکە کەشوهەوایەکی جیاوازمان هەیە و تەرزێکی باشتری بنەتۆومان هەیە لە عێراق."
لەبارەی ئەو بڕە گەنمەی ساڵی داهاتوو عێراق لە جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەردەگرێت، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی، "عێراق پلانی دانابوو ساڵی داهاتوو 350 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بەڵام دوای مشتومڕێکی زۆری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق، بڕەکە بۆ 400 هەزار تۆن زیادکرا. ئەمە یەکلایی کراوەتەوە."
بەپێی ئەو بڕیارە نوێیەی حکومەتی عێراق بێت، بڕێکی زۆری گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرناگیرێت. لەبارەی پلانی جێگرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران، هیوا عەلی گوتی،"حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستی لەگەڵ دوو کۆمپانیای کەرتی تایبەت لەژێر ناونیشانی (پڕۆژەی نیشتمانی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران) هەیە. چەند سایلۆیەک دروستکراون کە توانای کۆگاکردنی زیاتر لە نیو ملیۆن تۆن گەنمیان هەیە. ئەو کۆگایانە بۆ ئەوە دروستکراون گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرن."
هیوا عەلی گوتی، "بەپێی ئەو رێککەوتنەی هەیە، دەبێت ئەو کۆمپانیایانە گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکڕن، دوای ئەو بڕەی بە گوێرەی پلانەکە دەمێنێتەوە."
ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەکی پێکهێناوە کە لە نوێنەری وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی و چەند لایەنێکی دیکەی تێدایە. ئەو لیژنەیە پلانە کشتوکاڵییەکە رێکدەخات و بڕیار لەسەر چۆنیەتی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەدات.
هیوا عەلی گوتی، نرخی وەرگرتنی گەنم لەلایەن کەرتی تایبەتەوە "کەمترە لە نرخی حکومەت. ئەو نرخی گەنمەی لە عێراق هەیە، لە هیچ بۆرسەیەکی جیهانیدا بەو نرخە نییە کە بە 850 هەزار دینار هەر تۆنێک وەردەگیرێت. لە بۆرسەی جیهانی باشترین گەنم بکڕیت، ناگاتە 600 هەزار دینار."
هیوا عەلی رایگەیاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی و ئاسانکاری بۆ ئەو کۆمپانیایانە کردووە. بۆیە ئەو نرخەی بۆ وەرگرتنی گەنم لەلایەن کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە دیاری دەکرێت، دەبێت زیاتر بێت لە نرخی بازاڕ، بەڵام کەمتریش دەبێت لەو نرخەی عێراق وەری دەگرێت."