حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکان داوای بودجە لە عێراق دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا رێکارە کارگێڕییەکانی تەواو کردووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکان دەبێت وەزارەتی دارایی عێراق پارە تەرخان بکات.
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوەی لەسەر وەزارەتەکەمان بووە بۆ سێ یەکەمەکان کردوومانە و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانمان کردووە".
وەزارەتی خوێندنی باڵا پرۆسەکانی بایۆمەتری و دیاریکردنی بودجەی بۆ سێ یەکەمەکان کردووە و دوای رەوانەکردنی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنەکە رەوانەی وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی راژەی کردووە و دوای بۆچوونی ئەوان، رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی فارس عیسا، بەرپرسی نوێنەرایەتیی حکومەت لە بەغدا، بە نووسراوی ژمارە 19359 داوای لە وەزارەتی دارایی عێراق کردووە کە لەگەڵ ئەنجوومەنی راژەی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە بۆ تەرخانکردنی بڕە بودجەیەک بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی هەرێمی کوردستان. بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمی زانکۆ و پەیمانگەکان حکومەت پێویستی بە تەرخانکردنی نۆ ملیار دیناری مانگانە هەیە.
سێ یەکەمەکانی هەرێمی کوردستان ژمارەیان زیاتر لە 9 هەزار و 800 دەرچووە و بەشێکی دانیشتووی ناوچەکانى دەرەوەیئیدارەی هەرێمی کوردستانن.