رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، 496 هەزار هاونیشتمانیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئێستا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەژین. حیزبە کوردستانییەکان دەڵێن، "دەبێت بۆ سەرژمێری بگەڕێنەوە، لەپێناو پاراستنی کوردستانی بوونی ناوچەکانیان."
بەگوێرەی بەدواداچوونەکە، لە شنگال زیاتر لە 200 هەزار هاونیشتمانی، کەرکووک 155 هەزار، مەخموور زیاتر لە 100 هەزار، خوورماتوو 21 هەزار و لە خانەقینیش زیاتر لە 20 هەزار هاونیشتمانی لە دەرەوەی زێدی خۆیان دەژین.
"لە گوندەکانی قەراج لە مەخموور کێشە بۆ تۆمارکردن دروست دەکرێت"
بەگوێرەی دوایین داتای لقی مەخمووری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ رووداو، لە سنووری مەخموور زیاتر لە 100 هەزار هاونیشتمانی ناوچەکەیان چۆڵ کردووە و بە هۆکاری جیا لە هەرێمی کوردستان دەژین.
بەرپرسێک لە لقی مەخمووری پارتی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەموو هەوڵێکمان داوە و ئاسانکاریمان کردووە بۆ هاونیشتمانیان بگەڕێنەوە سنوورەکە، داوا دەکەین ئەمڕۆ سبەی کات ماوە بگەڕێنەوە و هەموو ماڵەکان لە خزمەتیاندان."
بەشێکی زۆری هاونیشتمانییانی سنووری مەخموور بۆ سەرژمێری گەڕاونەتەوە، "ماڵ نییە دوو بۆ سێ ماڵی دیکەی تێدا نەبێت کە بۆ سەرژمێری گەڕاونەتەوە."
بەگوێرەی لقی پارتی لە مەخموور، "هیچ بنەمایەکی نییە کە دەڵێن خەڵکی ناوچە دابڕێنراوەکان نەگەڕێنەوە و لە هەولێر خۆیان تۆمار بکەن، دواتر ناوەکانیان دەگەڕێتەوە شوێنی خۆیان، گرنگە و دەبێت خۆیان بگەڕێنەوە ناوچەکانیان."
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەوڵدایە خێمە لە گوندەکانی قەراج بۆ ئەو هاونیشتمانییانە هەڵبدات کە گوندەکانیان بە هۆکاری جیا لەنێوچووە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ لیژنەی باڵای سەرژمێریی عێراق رێگەی نەداوە خێمە دابنێن، ئەوەش بەرپرسانی حیزبە کوردستانییەکانی نیگەران کردووە و دەڵێن، "کوردێکی زۆری قەراج بەهۆی نەبوونی خانوو لە گوندەکانیان تۆمار ناکرێن."
حیزبە کوردستانییەکانی خانەقین: دەرگای هەموومان بۆ خەڵک کراوەیە بگەڕێنەوە بۆ سەرژمێری
لە سنووری قەزای خانەقین و ناوچە کوردستانییەکانی دەورووبەری، لەوانە ناحیەکانی گوڵاڵە، قەرەتەپە، مەندەلی و سەعدیە زیاتر لە 20 هەزار هاونیشتمانی کۆچیان کردووە بۆ بەغدا، گەرمیان، سلێمانی، هەولێر و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.
شێرکۆ میروەیس، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خانەقین ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ئاستی حیزبی و کارگێڕیی سنوورەکەش هەموو ئامادەکاری و ئاسانکارییەکمان کردووە بۆ گەڕانەوەی هاونیشتمانیان بۆ سنوورەکەمان بە مەبەستی سەرژمێری".
میروەیس گوتی، "هەزاران کەسمان لە دەرەوەی خانەقین دەژین و خەڵکێکی زۆر باش گەڕاونەتەوە، هەرکەسیش شوێنی مانەوەی نەبێت سەردانی ئێمە بکات لە مەڵبەند هاوکاری دەکەین و شوێنی مانەوەی بۆ دایبن دەکەین".
هەر ئەمڕۆ ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی 15ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "حیزبە کوردستانییەکان هاوهەڵوێستین بۆ گەڕانەوەی هاونیشتمانیان، ئێمە دەرگای هەموو ماڵێکی ئەندام و لایەنگرانمان بۆ خەڵک کراوەیە و گرنگە هەمووان بگەڕێنەوە".
بەرپرسی لقی پارتی لە خانەقین نەگەڕانەوەی خەڵک بۆ سەرژمێری بە مەترسی دەزانێت و ئاماژە بەوەش دەکات، "سەرژمێری تەنیا بۆ گەشەپێدان نییە، رەنگە سبەی حکومەتی عێراق بۆ کاری سیاسیی بەکاری بهێنێت، پێدەچێت بیکەنە جێگرەوەی مادەی 140. بۆیە گرنگە هەموو کەسێک بگەڕێتەوە و بە گرنگی بزانێت".
هاوکات عەباس رەحمان، بەرپرسی کۆمیتەی رێکخستنی حیزبی شیوعیی کوردستان لە خانەقین ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەر کوردێک دەگەڕێتەوە بۆ سەرژمێری، ماڵ و بارەگاکانمان دەکەینە شوێنی مانەوەیان و خزمەتیان دەکەین."
200 هەزار کوردی ئێزدی لە دەرەوەی شنگال دەژمێردرێن
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکراوانی دەستی داعش ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئێستا نزیکەی 200 هەزار ئێزدی لە هەرێمی کوردستاندا ماونەتەوە.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە خەیری بۆزانی، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئێزدییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "گەڕاونەوەی ئێزدییەکان بۆ شنگال سەختە، چونکە دەبێ دوو بۆ سێ رۆژ بمێننەوە، لەم دۆخەشدا مانەوە لە کەلاوەکاندا قورسە و زۆرینەیان هەر لە شوێنی خۆیان لە هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێن".
155 هەزار هاونیشتمانیی کەرکووک لە دەرەوەی شارەکەیانن
عەلی قەڵایی، لێپرسراوی بەشی هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە دوای ساڵی 1991ـەوە تاوەکو ئێستا، نزیکەی 40 هەزار خێزانی کورد کەرکووکیان جێهێشتووە."
تاوەکو ئەمڕۆ، زۆرینەی ئەو خێزانانە لە دەرەوەی زێدی خۆیان دەژین، کە بە نزیکەی 155 هەزار هاونیشتمانی دەژمێردرێن، ئەمەش بەگوێرەی ئاماری بەردەست عەلی قەڵایی، کە سەرپەشتیی بەشی هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە شارەکەی دەکات.
ئەوانەی ناچنەوە ناوچە کوردستانییەکان چۆن تۆمار دەکرێن؟
دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە، خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئەگەر لە دەرەوەی شارەکانی خۆشیان بۆ نموونە لە هەولێر تۆمار بکرێن ناوەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ سنوورەکانیان، بەڵام بەرپرسانی سەرژمێری ئەوە رەت دەکەنەوە.
گوهدار محەممەد عەلی، سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەو خێزانانەی لە شارەکانی کەرکووک، شنگال و هەر ناوچەیەکی دیکەوە هاتوون و لە هەرێمی کوردستان دەژین، دەتوانن بۆ سەرژمێری یەک کەسیان بچێتەوە زێدی خۆیان."
ئەو کەسەی دەگەڕێتەوە بە نوێنەرایەتی خێزانەکەی بۆ ناوچە کورستانییەکان، دەبێت کارتی نیشتمانی خۆی و ئەندامانی خێزانەکەی و فۆرمی خۆراکەکەیانی پێبێت. ئەمەش بەگوێرەی لیژنەی سەرژمێری بۆ رووداو.
گوهدار محەممەد دەڵێت: "ئەگەر خەڵکی هەر شارێک بیت و لە شارێکی دیکە بژیت، بۆ نموونە؛ ئێزدییەکی خەڵکی شنگال لە هەولێر نیشتەجێ بێت هەر لە هەولێر تۆمار دەکرێت، بەڵام لە فۆڕمەکەدا تەنیا ئاماژە بەوە دەکرێ لە بنەڕەتدا لەدایکبووی شنگال".
20 و 21ـی ئەم مانگە، سەرژمێریی گشتیی لە عێراق و باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت و بۆ ئەوەش هەردوو رۆژەکە لە هەرێمی کوردستان کراوەتە پشووی فەرمی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ