رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی شاری مێرانی سەر بە پارێزگای ئیلام رایگەیاند، بەهۆی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی لە عێراق، دەروازەی سنووریی مێران بۆ ماوەی دوو رۆژ دادەخرێت.
عەلی عەباس شەفیعی، قایمقامی شاری مێرانی رۆژی یەکشەممە 17ی تشرینی دووەم بە میدیای ئێرانی راگەیاند، "رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە، 20 و 21ی تشرینی دووەم، دەروازەی سنووریی مێران دادەخرێت و لەو دوو رۆژەدا هەموو چالاکییە بازرگانییەکان و هاتووچۆی گەشتیاران تێیدا رادەگیرێت."
قایمقامی شاری مێرانی گوتی، "داخستنی دەروازەی سنووریی مێران، بەهۆی سەرژمێریی گشتییە لە عێراق."
شەفیعی داوا لە هاونیشتمانیان و ئەو زیارەتکارانە دەکات کە بەنیازن لەم رۆژانەدا سەردانی مەزارگەکان بکەن، گەشتەکەیان بۆ رۆژانی دواتر دوابخەن.
دەروازە سنوورییەکە لە دیوی عێراقەوە دەکەوێتە سنووری پارێزگای واست و ناوی (زڕباتیە)یە.
گوتیشی، لە رۆژی هەینی، 22ی تشرینی دووەمەوە دەروازەی سنووریی مێران دەکرێتەوە و سەرلەنوێ هەموو چالاکییە بازرگانییەکان و هاتووچۆی گەشتیاران لەو دەروازە سنوورییە دەستپێدەکات.
بریارە رۆژانی 20 و 21ی تشرینی دووەم، بۆ یەکەمجار دوای 37 ساڵ سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان و عێراق پێکەوە بکرێت و تیمەکانی سەرژمێری لەو دوو رۆژەدا سەردانی خێزانەکان دەکەن بۆ تۆمارکردنی زانیارییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ