دادپزیشکیی ورمێ: لە 7 مانگدا 556 کەس بە رووداوی جیاواز گیانیان لەدەستداوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، لە 7 مانگی رابردوودا 556 کەس لە سنووری پارێزگاکە بە رووداوی جیاوازی وەکو رووداوی هاتووچۆ، خنکان، سووتان و هەڵدێران گیانیان لەدەستداوە.
 
مووسا ئەدیب فەر، بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی پارێزگای ورمێ رۆژی یەکشەممە 17ی تشرینی دووەم لەوبارەیەوە رایگەیاند، بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستیانە، لە ماوەی 7 مانگی رابردوودا 440 کەس لە پارێزگای ورمێ بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
 
بەڕێوەبەری دادپزیشکیی ورمێ دەڵێت، لەو 7 مانگەدا 9010 دۆسیەی پشکنین بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ لەو دامەزراوەیە تۆمار کراون، لەو ژمارەیە 6278 دۆسیە بۆ پیاوان و 2732 دۆسیەش بۆ ژنان کراونەتەوە.
 
بە گوتەی ئەدیب فەر، لەو ماوەیەدا 47 کەس بەهۆی هەڵدێران و کەوتنەخوارەوە، 38 کەس بەهۆی سووتان و 31 کەس بەهۆی خنکان لە پارێزگای ورمێ گیانیان لەدەستداوە.
 
ئاماژەشی بەوە کرد، لە سەرەتای ئەم ساڵی هەتاوییەوە تا کۆتایی مانگی حەوتەم، 19 هەزار و 346 دۆسیەی شەڕ و ئاژاوە لە دادپزیشکیی پارێزگاکە تۆمارکراون، کە 13 هەزار و 926 دۆسیەیان بۆ پیاوان و ئەوانی دیکە بۆ ژنان بووە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی پارێزگای ورمێ دەڵێت، لە ماوەی ئەو حەوت مانگەدا 197 دۆخی لەباربردنی یاسایی منداڵ لە لایەن دادپزیشکییەوە تۆمار کراوە.