شەپۆلێکی بەفر و باران باکووری کوردستان دەگرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسیی تورکیا، رۆژی یەکشەممە شەپۆلێکی بەفر و باران بەشێک لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان دەگرێتەوە.
 
بەگوێرەی راپۆرتی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا، لە ئێوارەی رۆژی شەممە، 18-11-2023وە شەپۆلیکی با و بۆران و بەفر چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستان دەگرێتەوە و لە هەندێک شوێندا پێشبینی دەکرێت، هاتوچۆی ئۆتۆمبێل پەکی بکەوێت.
 
لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئاسمانی زۆربەی پارێزگاکانی ناوچەکە هەور دایدەپۆشێت و پلەی گەرماش 1-6 پلەی سیلیزی دادەبەزێت. جگە لە سەرما و سۆڵە لە بەشێکی ئەو پارێزگایانەدا خێرایی با، هەورەتریشقە و بارانی کاریگەر کێشە بۆ خەڵک دروستدەکات.
 
ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ بە شێوەیەکی تێکڕا خێرایی با 40-70 کیلۆمەتر/کاژێر بووە و چاوەڕێی زیاتریش دەکرێت. بەتایبەتی چاوەڕێ دەکرێت شەپۆلەکە لە پارێزگاکانی ئامەد، سەمسوور، ئێلیهـ و رووها کاریگەرتر بێت و خێرایی باش ژمارەی بەرزتر تۆمار بکات. هەر بەگوێرەی راپۆرتەکەی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا رۆژی یەکشەممە، 19-11-2023 نیوەڕۆ بەدواوە لە پارێزگاکانی مەلەتی، خارپێت، ئەرزینجان، دێرسیم و چەولیک کەشوهەوا ناجێگیر دەبێت و هۆشداریی داوەتە هاونیشتمانیان کە رێوشوێنی پێویست بگرنە بەر. بەشێک لە پارێزگاکانی جۆلەمێرگ و شرناخیش هەمان دۆخ چاوەڕێیان دەکات و پێشبینی دەکرێت خێرایی با کاریگەر بێت.
 
پێشبینیی دەکرێت رۆژی یەکشەممە شەپۆلی باران زیاتر لە 10 پارێزگای باکووری کوردستان بگرێتەوە. بەگوێرەی ئەو تۆمارەی لە ئێوارەی رۆژی شەممە وەرگیراوە؛ باران بارین لە ئامەد بەردەوامە و چاوەڕێ دەکرێت رۆژی یەکشەممە رێژەی بارین لەو پارێزگایەدا 85٪ بێت. هەروەها چاوەڕێ دەکرێت رۆژی یەکشەممە رێژەی بارین لە چەولیک 80٪، لە دێرسیم و رووها 90٪، لە خارپێت 85٪، لە بەدلیس 50٪، لە ئێلیهـ 75٪، لە مێردین 65٪، لە شرناخ 45٪ و لە دیلۆک 80٪ بێت. 
 

 

کەشوهەوای بەشێک لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان
 
ئێوارەی شەممە 18-11-2023 
 
ئامەد؛ 12 پلە (باران دەبارێت)
چەولیک؛ 8 پلە (باران دەبارێت)
دێرسیم؛ 9 پلە (باران دەبارێت)
رووها؛ 15 پلە (هەور)
خارپێت؛ 10 پلە(نیمچە هەور)
بەدلیس؛ 6  پلە (هەور)
ئێلیهـ؛ 14 پلە (هەور)
مێردین؛ 12 پلە (هەوری چڕ)
شرناخ؛ 8 پلە (هەوری چڕ)
دیلۆک؛ 12 پلە (هەور)

 

پێشبینی بارانبارین بۆ یەکشەممە
 
ئامەد؛ 85٪
چەولیک؛ 80٪
دێرسیم؛ 90٪
رووها؛ 90٪
خارپێت؛ 85٪
بەدلیس؛ 50٪
ئێلیهـ؛ 75٪
مێردین؛ 65٪
شرناخ؛ 45٪
دیلۆک؛ 80٪